کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرچاوە حکوومەتییەکان: کوردستان لە دۆخی سووری بێکاریدایە

21:40 - 27 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: دوو پارێزگای کرماشان و سنە لە ئامارە حکوومەتییەکانی پەیوەندیدار بە کاردا لە دوایین ریزەکانی ئێران جێیان گرتووە.

رۆژنامەی حکوومەتيی تعادل لەو پەیوەندییەدا بە پشتبەستن بە راپۆرتی ناوەندی ئاماری رێژيم، مانشێتی سەرەکيی خۆی تەرخان کردووە بە دۆخی سوری بێکاری لە پارێزگاکانی بناری زاگرۆس.

لە دوایین راپۆرتی ناوەندی ئاماری رێژیمدا، پارێزگای کرماشان بە نرخی بێکاری ١٥،٢ % دوای پارێزگای چوار مەحاڵ و بەختیاری لە پلەی دووهەمی بێکارترین پارێزگاکانی وڵاتدا جێی گرتووە.

هەروەها بە وتەی بەرپرسی تعاون، کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتيی پارێزگای سنە، ئەو پارێزگایە لە بواری بێکاریدا لە ریزی بیست و حەوتەمی بێکارترین پارێزگاکانی ئێراندا جێی گرتووە.

بەپێی راپۆرتێکی هەواڵدەریی حکوومەتيی مێهر، ئەحمەد رەشیدی ئێوارەی رۆژی سێشەممە لە دانیشتنێکی مامۆستایانی زانکۆکانی ئەو پارێزگایەدا رایگەیاند : لە ئیستادا رێژەی یەکە چالاکەکانی ئەم پارێزگایە ٤٨١ یەکەیە کە نزیکەی ٥ هەزار کەس تێیاندا کار دەکەن.

رەشیدی رێژەی کارگە چالاکەکانی پارێزگای سنەی ١٥ هەزار و ٦٦٦ کارگە راگەیاند و وتی ٤٢٨ هەزار کەس لەو کارگانەدا سەرقاڵی کار کردنن.
ناوبراو رێژەی بەشداريی ئابووری لە سنەی بە ٤١% لەقەڵەم دا و وتی کوردستان لە بواری فەزای کەسابەت و کار کە ژێرخان و ئاسانکاريی بانکی لەخۆ دەگرێت، لە پلەی ٢٧ی وڵاتدایە.

ناوبراو هەروەها رایگەیاند: بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، لە پارێزگای سنە، رێژەی بێکاری لە بەهاری ئەمساڵدا ٩،٨% بووە. هەڵبەت رێژەیەكی زۆر لە کارناسانی پارێزگاکە لە سەر ئەو بڕوایەن کە رێژەی راستەقینەی بێکاری زۆر زیاترە لەو ئامارە کە ناوەندی ئامار بڵاوی کردووەتەوە و بە نزیکەی ٣٠%یان خەمڵاندووە.

ئەو بەرپرسەی رێژیم بە پشتبەستن بە بەڵگەی گەشەی پارێزگای سنە وتی : لە ماوەی دەیەی ٧٥ هەتا ٨٥ی هەتاویدا، ٦٠ هەزار کەس لە خەڵکی ئەو پارێزگایە کۆچیان کردووە.