کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرچۆپی ئەم شۆڕشە بە دەستی تێکۆشەرانی شارەوەیە

11:06 - 17 بەفرانبار 2718

کاروان مێراوی

قوناغی نوێی شۆڕشی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە چوار ساڵ پێش ئێستا واتە لە نەورۆزی ۲۷۱۵ی کوردی بەرانبەر بە ۱۳۹۵ی هەتاوی، لە ژێر ناوی ڕاسان و بە دروشمی گرێدانی دوو چەمکی سەرەکی خەبات لە شار و شاخەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندرا، دەتوانرێت بە دوو شێوەی سادە و سەرەکی پێناسەی بۆ بکرێت.

چەمکی یەکەم، کە چەمکێکی گرینگی ئەو خەباتەیە و بە خەباتی شار ناسراوە، بە واتای پراکتیکیی تاکەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گۆڕەپانی ئەو شۆڕشەدا کە لە سەنگەرەکانی قوتابخانە، خوێندنگە، زانکۆ، ناوەند و دامەزراوە و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، بە ڕێکخراویی (سازماندهی شدە) لە هەموو ڕەهەندە نیشتمانپەروەرییەکانەوە بۆ سڕینەوەی ئاسەوارە ئاسمیلەییەکان و پووچەڵ کردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم پیلانە جێکەوتووەکان و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی پیلانە گڵاوەکانی تری ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران کە لە بوارە جۆراوجۆرەکان بە مەبەستی تواندنەوەی نەتەوەی کورد و کاولکاریی کوردستان داڕێژراون، بە سروودی "خوایا وەتەن ئاوا کەیت" تێکۆشانی خۆیان درێژە پێدەدەن و بەردەوام لە هەوڵ و خەمی نیشتماندان، دەکرێت پێناسەیەکی سەرەکی بۆ خەباتی شار بێت کە هەم ناوەند و ستراتیژیی و هەم وزەی بنەڕەتیی ڕاسانە.

هەروەها چەمکێکی تری ئەو خەباتە، بە خەباتی شاخ و پێشمەرگانە، کە بەشێکی کاریگەرە لە قوناغی نوێی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە شێوەیەکی سەردەمیانە و جیاکردنەوەی بەشەکانی خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی و چەکداریی کە هەرکام بە شێوەی جیاکار و هاوکات هەموویان لە یەک چوارچێوە و ئامانجدا بە سروودی "یان کوردستان یان نەمان" ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن، بە پاڵپشتی خەباتی شار هەژمار دەکرێت و هێزەکەی لە خودی شارەوە سەرچاوە دەگرێت یان بە شێوەیەکی تر هەڵقووڵاوی وزەی خودی شارە، پێناسە دەکرێت.

دەسپێکی وەرزی ڕاسان لە دۆخی هەنووکەیی و هەستیاری ناوچەکە و کوردستان بەتایبەت و ئاڵۆزی نێوماڵی کورد، بڕیارێکی مێژوویی بوو کە خەباتی نەتەوەیی گەلی کوردی بە سەر هەموو تاک و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا دابەش کرد، تاک و چینەکانی ئەرکدار کرد و ئەرکەکان چووە بواری جێبەجێ کردنەوە، کە سەرنجی زۆربەی هەرە زۆری بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی وڵات و ناوەندەکانی جیهانی ڕاکێشا و دەنگدانەوەیەکی زۆری لە میدیا و ڕاگەیاندنە بەناوبانگەکانی جیهاندا هەبوو و ئێستاشی لەگەڵدا بێت دەنگدانەوەکان بەردەوامە.

پاس دەسپێکی ڕاسان و وێڕای بەردەوام دووپاتکردنەوەی ئەو وتارەی کە لە سەرەتای دەسپێکییەوە ڕاگەیەندرا و هەنووکەش دەبێژرێتەوە کە "ڕاسان تایبەت بە لایەن و حیزبێکی دیاریکراو نییە و هەموو تاکێکی کۆمەڵگا، لە هەر گۆشەیەکی ڕۆژهەڵات دەکرێت تێیدا هەست بە بەرپرسیارەتی نەتەوەیی بکات"، زۆر جار بڕێک لە لایەنەکان "ڕاسان"ـیان بە یەک چاو لە یەک ڕوانگەوە بینیوە کە خەباتی چەکداریی بێت و ڕەخنەیان لەو خەباتەش گرتووە کە زیان بە خەباتی جەماوەریی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەیەنێت، بەڵام بە پێچەوانەی ڕوانگەی ئەو تەک رەهەندیانە کە بەرەو ڕاسان بوونەتەوە، ڕاسان تەنیا لە یەک ڕەهەندی خەباتدا قەتیس و بەرتەسک نەکراوەتەوە و لە هەموو شێوە خەباتێکی ڕەوا کە لەگەڵ پرەنسیپ و بنەماکانی ناوەندە جیهانییەکان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بگونجێت، بۆ بە ئاکام و ئامانج گەیشتنی شۆڕشی لەمێژینەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەڵک وەردەگرێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.