کوردستان میدیا: سه‌رژمێریی عێراق لە ساڵی داهاتوو وەک بۆمبێکی مه‌ترسیداری به‌غدا دژ به ناوچه كوردستانییه‌كان وەسف کراوە کە ئامانجێکی سیاسی و دژ بە کوردی لە پشته.
بڕیاره له ساڵی داهاتوودا، حکوومەتی عێراق سه‌رژمێریی گشتی له عێراق ئه‌نجام بدات، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پلانە بە پیلانێکی مەترسیدار بۆ کوردستان لەقەڵەم داوە.
لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەو باوەڕەدان سه‌رژمێری لە کاتێکی وادا ئامرازێكی سیاسییە.
بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان به‌تایبه‌تی لەسەر دۆخی کەرکووک نیگەرانییان هەیە، چونکە لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە هەتا ئێستا، پرۆسه‌یه‌كی چڕی به‌عه‌ره‌بكردنی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت.
لایه‌نه كوردییه‌كان و هەتا ڕاده‌یه‌كیش توركمانه‌كان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری به‌و دۆخه‌ی ئێستا کە لە كه‌ركووك هه‌یه، یارییه‌كی سیاسییه و ویستێكی خراپی له پشته‌وه‌یه.
دوای ١٦ی ئۆكتۆبر، ١٠ هه‌زار عەرەب گهڕێنراونهتهوە كه‌ركووک و له‌سه‌ر زه‌وی و خانووی كورد و توركمان نیشته‌جێ كراون. ئەوەش هەڵمەتێکە بۆ گۆڕینی دێمۆگرافیای کەرکووک.
"عه‌بدولزه‌هره ئه‌لهنداوی"، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق وتوویەتی: "پێویسته سه‌رژمێری ئه‌نجام بدرێت و هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كیش ده‌ستی پێكردووه".
بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ی زایینی، زۆرینەی دانیشتووەکانی کەرکووک کوردن و شارێکی کوردستانییە.