کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری ئازەربایجان: وڵامی قسەکانی ئێران دەدەینەوە

16:56 - 13 رەزبەر 2721

"ئیلهام عەلی ئۆف" سەرکۆماری ئازەربایجان ڕوو لە قسەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "ئەوان لە کەنارئاوەکانی ئەرەس ئیسرائیلیان لە کوێ دیوە؟".

"عەلی ئۆف" باسی لەوە کردووە ئەو ئیدعایەی کاربەدەستانی تاران لە بنەڕەتدا ڕاست نییە و وڵامیشی دەدەینەوە.

"حەسەن عامیلی" یەکێک لە ئاخوندەکانی ڕێژیمی ئێران لە "ئەردەبێڵ" لە خوتبەکانی نوێژی هەینیدا وتبووی مانۆڕی هێزە نیزامییەکانی ئێران لە سنووری ئازەربایجان وڵامێکە بۆ بوونی ئیسرائیل لەو وڵاتەدا.

ئەو قسەیە لەلایەن هەندێک لە کاربەدەستانی نیزامی و سیاسیی ئێرانیش دووپات کرابووە.

''مەحموود عەباس زادە" وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی و سیاسەتی دەرەوە لە مەجلیسی ڕێژیم وتبووی، هەڵوێستەکانی وڵاتانی ناوچە دەبێ بە چەشنێک بێت کە بە قازانجی وڵاتانی بیانی و بە تایبەتی ئیسرائیل نەبێت.

پێشتر میدیاکان بڵاویان کردبووەوە کە شەڕی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان دۆخێکی خراپ بۆ ئێران دروست دەکات. لە نێوخۆی ئێران گەمارۆکانی ئامریکا دۆخێکی سەختی دروست کردووە. لە دەرەوەش وڵاتانی عەرەبی خەریکی مامەڵەی ژێئۆپۆلیتیکی خۆیانن.