کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری ئامریکا: خەلیفەی داعشمان لە سووریە کوشت

17:11 - 14 رێبەندان 2721

"جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووی سەربازی لە باکووری ڕۆژاوای سووریە توانیویانە "ئەبوو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەیشی"، سەرکردەی گرووپی تێرۆریستیی داعش و جێگرەوەی "ئەبووبەکر بەغدادی" بکوژن. 

"بایدن" لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند: "شەوی ڕابردوو بە فەرمانی من، هێزەکانی سوپای ئامریکا لە باکووری ڕۆژاوای سووریە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو و بۆ پاراستنی گەلی ئامریکا و هاوپەیمانەکانمان و بۆ سەلامەتیی جیهان، ئۆپەراسیۆنێکی دژەتێرۆریان ئەنجام دا. بەهۆی هێزە چەکدارە ئازا و بەئەزموونەکانمانەوە ئەبوو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەیشی خەلیفەی داعشمان کوشت".

سەرکۆماری ئامریکا جگە لە کوژرانی خەلیفەکەی داعش، لە ڕاگەیەندراوەکەیدا باسی لە کوژرانی هیچ هاووڵاتییەکی سڤیل نەکردووە.

بەرپرسێکی ئامریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، لە کاتێکدا هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی خەلیفەکەی داعش، خۆی تەقاندووەتەوە و بە هۆیەوە هەندێک خەڵکی سڤیل کوژراون.