کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری ئامریکا فەرمانی داوە بەڵگەکانی پێوەندیدار بە هێرشی ١١ی سێپتامبر بۆ ڕای گشتی بڵاو بکەنەوە

18:18 - 13 خەرمانان 2721

"جۆ بایدن"،سەرکۆماری ئامریکا ڕۆژی هەینی ١٢ی خەرمانان، فەرمانی داوە پێداچوونەوە بەو بەڵگانەدا بکەن کە سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی فێدڕاڵە و پێوەندی بە هێرشەکانی ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١وە هەیە و بۆ ڕای گشتی بڵاوی بکەنەوە.

"بایدن" لە بەیانییەیەکدا و لە پێوەندی بەو فەرمانەوە وتوویەتی: "کاتێک بوومە هەڵبژێردراوی پۆستی سەرکۆماری، بەڵێنیم دا کە لە پێوەندی بە ڕوونکردنەوەی بەڵگەی پێوەندیدار بە هێرشەکانی ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١ بۆ سەر ئامریکا و وەدەرنانی ئەو بەڵگانە لە بەشی پۆلێنکردنی نەهینیی خاترجەم بم".

سەرکۆماری ئامریکا وتوویەتی لە ٢٠ـەمین ساڵڕۆژی ئەو کردەوە تێرۆریستییدا بەڵێنییەکەم بەجێ دەگەیێنم.

بەپێی ئەو فەرمانە "مێری گارلەند" وەزیری دادگوستەری ئەرکدارە هەتا شەش مانگی دیکە ئەو بەڵگانە بڵاو بکاتەوە.

بەپێی سەرچاوەی "ڕۆیتێرز" بنەماڵەی قوربانییانی ١١ی سێپتامبر داوایان لە ناوەندیکی چاوەدێریی دەوڵەتی ئامریکا کردووە هەتا لە پێوەندی بەو  گومانەی کە لەوانەیە FBI  لە هەندێک بەڵگە سەبارەت بە دەستێوەردانی عەرەبستان لەنێوی بردووە لێکۆڵینەوە بکەن.

عەرەبستان بەردەوام دەستێوەردانی خۆی  لەو هێرشەدا و هەوڵەکانی لەگەڵ ڕفاندنی فڕۆکەکان ڕەت کردووەتەوە.