کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری ئامریکا، وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانی ڕەت کردەوە

10:14 - 6 رێبەندان 2719

سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە تویتێکدا وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی ڕەت کردەوە.

دوابەدوای ئەوەی کە "محەممەدجەواد زەریف"، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئیران لە وتووێژ لەگەڵ میدیایەکی ئاڵمانیدا وتی کە ڕێگاکانی وتووێژ لەگەڵ ئامریکا نەبەستراون، "دانڵد ترامپ" هاتە دەنگ و وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانی ڕەت کردەوە.

ترامپ، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە تویتێکدا دژکردەوەی بەرانبەر بە قسەکەی "زەریف" نیشان داوە و نووسیویەتی: "وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت کە خوازیاری وتووێژ لەگەڵ ئامریکان، بەڵام دەیەوێت گەمارۆکان هەڵوەشێنرێنەوە؛ نە سپاس!"

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ساڵێک پیش ئێستا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام هاتە دەرەوە. دەوڵەتی ئامریکا لەسەر ئەو بڕوایەیە کە بەرجام نەیتوانیوە پێش بە چالاکییە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران بگرێت.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ئاڵۆزییەکانی نێوان ئامریکا و ڕێژیمی ئێران زیادی کرد و هەر دوو لایەن دەستیان بە هەڕەشەکردن لە یەک کرد.

ترامپ لە ٢٣ی بەفرانباری ئەمساڵدا بە جیددییەوە هۆشداریی بە ڕێژیمی ئێران دا کە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکیی نییە.

وەزیری خەزێنەداریی ئامریکاش لە ٢٥ی بەفرانباردا ڕایگەیاند کە گەمارۆوە نێونەتەوەییەکان بە دژی ئێران وەگەڕ دەخرێنەوە.

گەمارۆکان و بەتایبەت گەمارۆوە ئابوورییەکان دۆخی ڕێژیمی ئێرانیان ناسەقامگیر کردووە، هەر بۆیە بەرپرسانی ڕێژیم دەیانەوێت لە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان وەکوو پێشمەرجی هەموو جۆرە ڕێککەوتنێک کەڵک وەربگرن.