کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری رێژیمی فاشیستیی تاران، سووکایەتی بە عەرەبەکان دەکا

17:37 - 4 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە لێدوانێکی دوور لە رێوشوێنی دیپلۆماتیک و بە ئەدەبیاتیكی فاشتیستییەوە سووکایەتیی بە عەرەبەکان کرد.

بە پێی راپۆرتی بڵاوبوو لەلایەن خودی دەزگاکانی راگەیاندنی کۆماری ئیسلامی، رۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەر، سەرکۆماری رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەیەکدا کە بۆ بەرپرسانی رێژیم و هەروەها کۆنفرانسی بەناو وەحدەتی ئیسلامی لە تاران پێکیان هێنابوو، دوای چەواشەکاری و هێرش کردنە سەر وڵاتانی ناوچە و پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستی و توندئاژۆکان لە ناوچەدا، باسی لەوە کرد کە سەیرە ئێستا خەڵکی ئامریکا و عەرەبەکان بوون بە دۆست و گاوانەکان چۆناوچۆن بە وشترسوارەکان گەیشتوون؟

ئاماژەی قسەکانی رووحانیی فاشیست، لە گاوانەکان بە ئامریکاییەکان و هەروەها وشترسوارەکان بە عەرەبەکان بوو.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا خامنەیی رێبەری رێژیمی تیرۆریستیی تارانیش، وێڕای پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستەکانی ناوچە، هێرشی کردە سەر سەرانی ئامریکا و عەرەبەکان و بە لێدوانی فاشیستی و دوور لە ئەدەبی دیپلۆماتیک کە رێچکەی هەمیشەیی سەرانی کۆماری ئیسلامی بووە، ناوی وڵاتان و سەرانی ناوچە و جیهانی هێنا و لەسەریان دوا.

جێگای ئاماژەیە کە لێدوانە پڕ لە سووکایەتی و بێرێزیەکانی سەرانی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی ئەم رێژیمە بەردەوام بووە و زۆر جار دژ بە سووکایەتی کردنیان بە نەتەوەکانی ئێرانیش، خەڵکانی نەتەوەکان لە ئێراندا خۆپیشاندان و ناڕەزاییان دەربڕیوە.

لێدوانەکانی سەرانی رێژیم نیشاندەری دیوی راستەقینەی فاشتیستیی ئەم رێژیمەن.

خاوەنڕایانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە، لە کاتێکدا سەرانی کۆماری ئیسلامی کۆنفرانسی بەناو وەحدەتی ئیسلامی لە تاران دەبەستن کە لە ژێر باری تەنگەتاوبوونیان بەهۆی گەمارۆ و گوشارە سیاسی و ئابوورییەکانەوە، هەر لەو کۆنفرانسە بەناو وەحدەتەدا سووکایەتی بە بەشێکی زۆری موسلمانان دەکەن.