کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری عێراق دەستی لە کار کێشایەوە

16:23 - 5 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: سەرۆک کۆماری عێراق، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە پارلمانی ئەو وڵاتە کرد.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، "بەرهەم ساڵح"، سەرکۆماری عێراق، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە پارلمانی عێراق کردووە.

"ساڵح" پێشتر باسی لەوە کردبوو کە هێچ ڕێگایەک بۆ چوونەدەرەوه لە قەیرانی ئێستای عێراق نییە.

ماوەیەک پێش، "عادل عەبدولمەهدی"، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، بەهۆی قەیرانی عێراق دەستی لە کار کێشایەوە.

لە دوای چۆڵبوونی پۆستی ناوبراو، هیچ كام له‌ وه‌زیره‌كانی ئه‌م كابینه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتیان نامێنێت.

"بەرهەم ساڵح" سەبارەت بە پۆستی سەرکۆماری نووسیویەتی: "هیچ خێرێک لە پۆستێکدا نییە کە سوودی بۆ گەل نەبێت، هەر بۆیە ئامادەییم بۆ دەستلەکارکێشانەوە دەخەمە بەردەست ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەژێر ڕۆشنایی بەرپرسیارێتییان وەک نوێنەری گەل بڕیار بدەن کە چی گونجاوە. بەدڵنیایەوە، هیچ چاکەیەک لەوەدا نییە لە پێگە و پۆستێکدا بێت کە سوودی بۆ بەرژەوەندیی گەل نەبێت".

ماوەی زیاتر لە دوو مانگه خەڵکی بەغدا، بەسرە، زیقار و چەندین شاری دیکەی عێراق خۆپیشاندان دەکەن.

خەڵک بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری، سیستەمی گەندەڵی سیاسی و ئابووری، ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

لە ئاکامی خۆپیشاندانەکانی عێراق، سەدان کەس گیانیان لەدەست داوە و بە هەزاران کەس بریندار بوونه.

بەشێکی دیکەی خۆپیشاندانی خەڵکی عێراق دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.

خەڵکی عێراق لەسەر ئەو باوەڕەن کە حیزبەکانی عێراق بەتوندی لەژیر کاریگەریی ڕێژیمی ئێراندان.

"بەرهەم ساڵح" دەیەمین سەرکۆماری عێراقه.