کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری فەرانسە: بەرنامەی ناوکیی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار

12:49 - 1 سەرماوەز 2720

سەرکۆماری فەرانسە ڕایگەیاندووە کە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و پەرەپێدانی دانیشتنەکان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە ڕۆڵی ناوچە و مووشەکە بالستیکییەکانی پێویستییە.

"ئێمانۆئێل ماکرۆن" سەرکۆماری فەرانسە، ڕێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەر، جەختی کردەوە کە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و توانایی چاوەدێری بەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران لە ئێستادا لە بەراورد لەگەڵ کاتێک کە ڕێککەوتننامەی ڤییەن هەبوو کەمتر بووەتەوە.

لە ڕاپۆرتی نوێی ئاژانسی جیهانیی ناوکی کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر بڵاو کرایەوە، ڕێژیمی ئێران کاری تێکردنی گازی "هێگزا فلۆراید ئۆرانیۆمـ"ـی بۆ سانتریفییووژە نوێیەکانی جۆری "ئەی ئاڕ ٢ ئێمـ"ـی کە لە دامەزراوەی نەتەنزدا دانراوە، دەست پێکردووە.

ئەم هەوڵە نوێیەی ڕێژیمی ئێران نوێترین پێشێلکاریی بەڵێنییەکانی بەرجام بە هەژمار دێت کە باڵوێز و نوێنەری ڕێژیمی ئێران لە ئاژانسی وزەی ناوکیشدا دانی پێدا ناوە.

هەواڵدەرییەکانی خودی ڕێژیم بڵاویان کردووەتەوە کە باڵوێز و نوێنەری ڕێژیمی ئێران لە ئاژانسی وزەی ناوکیدا جەختی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی دەستی کردووە بە تێکردنی گازی "هێگزا فلۆراید ئۆرانیۆم" لەنێو ١٧٤ سانتریفییووژی "یوو ئێف ٦" لە دوو ناوەندی وزەی ناوکی لە نەتەنزدا.

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی دەریخستووە کە ڕێژیمی ئێران یەکەمین زنجیرەی سانتریفییووژی پێشکەوتووی لە دامەزراوەی ژێرزەوینیی نەتەنزدا دامەزراندووە کە بەهۆی ڕێککەوتنی بەرجامەوە تەنیا بۆ بەکارهێنانیان لە بەرەی یەکەمی دەزگاکانی "ئای ئاڕ ١"دا بەکار دێن.