کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری ڕێژیم دیسان ئیسرائیلی بە "شێرپەنجە" ناو برد

11:47 - 4 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام لەسەر لەنێوبردنی ئیسرائیل پێداگری دەکەنەوە و وەکوو شێرپەنجە ناوی لێ دەبەن.

لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە لەسەر لەنێوبردنی ئیسرائیل پێداگرن و خۆیان بە ئەرکدار دەزانن، کە دەبێ ئیسرائیل لەسەر گۆی زەری بسڕنەوە.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، "حەسەن ڕۆحانی" لە کۆنفڕانسی "یەکیەتیی ئیسلامی" لە تاراندا، بە پێڕەوی لە خامنەیی باسی لەوە کردووە، کە ئیسرائیل "شێرپەنجە"یە و وڵاتی یەهوودییەکان بە زووترین کات لە نێو دەچێت.

ناوبراو لە قسەکانیدا هاوشێوەی "مەحموود ئەحمەدی‌نژاد" باسی لەوە کردووە، وڵاتی ئیسرائیل لە لایەن ڕۆژئاوایییەکانەوە دامەزراوە و ئەوەش وەک قەرەبووکردنەوەی هۆلۆکاست بووە.

ڕۆحانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕووی لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە و وتوویە: کە هاوکاریی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی خەیانەت بە ئیسلام و نەوەکانی داهاتوویه.

"نێتانیاهوو" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە نیسبەت قسەکانی ڕۆحانی لە پەیامێکی تویتێریدا نووسیویە: "قسەی پڕ لە ڕق و قینی ڕۆحانی کە باس لە لەنێوبردنی ئیسرائیل دەکات، جارێکی دیکەش سەلماندی کە بۆچی کۆمەڵگای جیهانی دەبێ درێژە به گەمارۆوە ئابوورییەکان دژ بەو ڕێژیمە تێرۆریستییە بدات".

شرۆڤەکارانی سیاسی باسیان لەوە کردووە، قسەکانی ڕۆحانی دەرخەری ئەوەیە ئەم ڕێژیمە هیچ ئاڵوگۆڕێکی فیکری بەسەردا نەهاتووە و ئەو ڕێژیمە لە ئێستادا مەترسیدارتر لە ڕابردوویە و دەبێ پێشی پێ بگیردرێت.