کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، بڕوانامەی زانستیی ساختەی هەیە

12:54 - 23 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: "حەسەن ڕۆحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەر وەک زۆرینەی بەرپرسانی باڵای ڕێژیم، خاوەن بڕوانامەی دوکتورای ساختەیە.

پێشتر هەفتەنامەیەکی ئێران، بە ناوی "٩ی دەی"،  ئیدعای کردبوو، کە "پایاننامە"ی دوکتورای "حەسەن ڕۆحانی"، دزیی زانستییە.

لە هەمبەردا، "حەسەن ڕۆحانی"، سکاڵای لەسەر ئەم ڕۆژنامەیە تۆمار کردبوو و وتبووی کە تۆمەتی لێ دراوە.

پاش بەڕێوەچوونی دادگایی لەم بارەوە، دادگا ڕایگەیاند، کە بەپێی بەڵگەنامەکان، هەفتەنامەی "٩ی دەی" تاوانبار نییە و ئەمە بەو واتایەیە کە ئیدعای ئەم ڕۆژنامەیە ڕاست بووە و سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، بڕوانامەی زانستیی ساختەی هەیە.

گەنەدەڵکارییەکانی ڕێژیمی ئێران، هەموو بوارێکی گرتووەتەوە و ئاخوندەکان و بەرپرسە باڵاکانی ڕێژیم دەیانەوێت بە بڕوانامەی ساختەوە، پلەی دوکتورا بە خۆیانەوە بچەسپێنن و خۆیان خوێندەوار پیشان بدەن.

هەر لەم پەیوەندییەدا، لە ماوەی ساڵانی پێشدا، بڕوانامەی ساختەی زۆرێک لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیم دەرخرا و ئەم پیشاندەری فێڵبازی و درۆزنی و دزیی بەرپرسانی ڕێژیمە.