کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە دۆخێکی زۆر دژوارمان لە پێشدایە

13:02 - 5 خەرمانان 2720

''حەسەن ڕووحانی'' سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "دۆخێکی زۆر دژوارمان لە پێشدایە و چاوەڕوانییەکانی خەڵک دەبێ نەڕواتە سەر و لە ئاستی ڕاستییەکاندا بێت".

''حەسەن ڕووحانی'' ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەرمانان، لە دانیشتنێک لەگەڵ بەڕێوەبەرانی میدیاکان وتوویەتی، سەرچاوەکان کەمن، لە هەر دەوڵەتێک و دەورەیەکدا ئەگەر چاوەڕوانییەکانی خەڵک زۆر ببەینە سەر، شکست دەخۆین و لە ئاکامدا بێ هیوایی خەڵکی بەدواوە دەبێت.

ناوبراو باسی لەوە کرد: ''دۆخێکی زۆر دژوارمان لە پێشدایە و چاوەڕوانییەکانی خەڵک دەبێ نەڕواتە سەر و لە ئاستی ڕاستییەکاندا بێت''.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: ''ئێمە نەمانهێشتووە بەرەو ڕووخان بڕۆین، هەرچەند گەمارۆکان بۆ خەڵک دژواریی پێک هێناوە''.

''حەسەن ڕووحانی'' لە کاتێکدا ئەو قسانە دەکات کە لە ماوەی ٧ ساڵ هاتنە سەر کاری، تەنیا بەڵێنیی درۆی بە خەڵک داوە و لە ڕاستای بەرژەوەندیی خەڵک هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرتووە.

لە ئێستادا بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا، ڕێژیمی ئێران ناتوانێت وەکوو پێشوو نەوت هەناردە بکات و ئەمە ئابووریی ئێرانی بەرەو داڕمان بردووە و ڕێژیمی ئێرانی تووشی قەیرانی گەورە کردووە.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران کە پێشتر بەپێچەوانەوە دۆخی ئێرانی بە باشی وەسف دەکرد و لە ئێستادا درۆ و بەڵێنییەکانی کە بۆ خەڵک دەرکەوتووە و هیچ تواناییەکی بۆ دەربازبوون لەو دۆخە نەماوە، داوا لە خەڵک دەکات کە چاوەڕوانیی زۆریان نەبێت.