کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری ئیسرائیل: ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوو بژاردەی هەیە، ئاشتیی ناوچەیی یان ئاژاوەی ڕێژیمی ئێران

11:17 - 12 رێبەندان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی "ئیسحاق هێرتزوگ" سەرکۆماری "ئیسرائیل" لە سەفەرێکی دوو ڕۆژەدا کە چووبوو بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، باسی لەوە کردبوو: "ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێ لەنێوان دوو بژاردەی ئاشتی و پێکەوە ژیان یان شەڕ و ئاژاوە بە ڕێبەریی ڕێژیمی ئێران، یەکیان هەڵبژێرێت".

"هێرتزوگ" کە لە دەرەوەی مزگەوتی "شێخ زایید"ی "ئەبوزەبی" قسەی دەکرد، ئاوەدانی و هاوکاری و وەبەرهێنانی هاوبەشی بە ئاسۆیەکی ڕوون بۆ خەڵکی ناوچەکە و دەسکەوتی ئاشتی ناو لێ برد، هەروەها ناتەبایی ناوچەکە بە یارمەتیدانی گرووپە ملیشیاکانی بە دەسکەوتی هەڵسوکەوتێک زانی کە ڕێژیمی تاران ئەنجامی دەدات.

هاوکات لەگەڵ سەفەری سەرکۆماری ئیسرائیل بۆ "ئەبوزەبی"، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕایگەیاند: "مووشەکێکی بالستیک کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە بەرەو ئیمارات هاویشتراوە، خستومانەتە خوارەوە".

ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی ئیمارات وێڕای "بەحرەین" بە نێوبژیوانیی دەوڵەتی ئەوکاتی ئامریکا، ڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، ناسراو بە "پەیمانی ئاشتیی ئیبراهیمـ"ـیان واژۆ کرد. دوو میرنشینی کەنداو نیگەرانیی هاوبەشیان لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و گرووپە ملیشیاکانی هەیە.

هەروەها مانگێک پێش، "نەفتالی بێنێت" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە مەبەستی پەیوەندیی باشتر، سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو و پێش "بێنێتـ"ـش، "یائیر لاپید" وەزیری دەرەوەی "ئورشەلیم" بۆ کردنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی سەردانی ئەبووزەبیی کردبوو.