کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکەوتنی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری وەرزشیدا

11:54 - 24 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لاوانی کوردی خەڵکی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بوارە جیاجیاکانی وەرزشدا، سەرکەوتنی زیاتر بۆ خۆیان تۆمار دەکەن.

لە درێژەی سەرکەوتنی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری وەرزشیدا، ئەم جارە وەرزشوانانی مەهابادی لە کێبڕکێیە نێونەتەوەییەکان لە یاریی "کیک بوکسینگ"دا، توانییان چەند میداڵ بەدەست بێنن و سەرکەوتنی زیاتر بۆ خۆیان تۆمار بکەن.

ئەو وەرزشوانانەی کە توانیویانە  ٨ میداڵی بەنرخ بەدەست بێنن، بریتین لە: "فەرشاد ڕەسووڵییان و ئیسماعیل کاکە تەلخابی"، میداڵی زێر و پشتوێنی قارەمانی، "کامران سەحرایی"، "کەیوان ئەحمەدی" و "ئیدریس عوسمانی"، میداڵی زیو، "سامڕەند محەممەددۆخت، "سەردار جەنگەڵی" و "وەلی محەممەدی"، میداڵی بۆڕۆنز.

کێبڕکێیە نێونەتەوەییەکانی یاریی "کیک بوکسینگ" لە ڕۆژی ١٩ تا ٢١ی پووشپەڕ بە بەشداریی وەرزشوانانی ٨ وڵات لە چوار قاڕەی جیهان لە زەنجاندا بەڕێوەچوو.

هەروەها "پویان سڵێمانی"، وەرزشوانی کوردی خەڵکی شاری سنە، توانی بۆ یەکەم جار لە مێژووی پارێزگای سنەدا، ٢ میداڵی ئاسیایی بەدەست بێنێت.

 لەم پەیوەندییەدا، "کوورش فەرهادی"، کرێکارێکی شارەداریی سنە، لە نۆزدەهەمین دەورەی کێبڕکێی هەڵاتنی کەمئەندامان، لە بواری ''بازدانی سێ هەنگاو''، پلەی یەکەمی بەدەست هێنا و توانی مۆڵەتی ئامادەبوونی لە کێبڕکێکانی ئاسیا لە وڵاتی "هۆنگ کۆنگ"، لە ساڵی ٢٠١٩دا بەدەست بهێنێت.