کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکەوتنی ماکوان خۆش‌هەیکەل لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی وڵاتی نۆروێژ + وتووێژ

22:18 - 16 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەگەڵ ماكوان خۆش‌هەیكەل كە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی وڵاتی نۆروێژ بەشداریی كردبوو و سەرکەوتنی بەدەست هێنا و بەرپرسیارەتی‌ شاری كریستییەن‌ساندی نۆروێژی وەئەستۆ گرت، وتووێژێکی پێکهێناووە.

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

کوردستان میدیا: کورتەیەک لە ژیاننامە و تێکەڵاویتان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باس بکەن؟

ماکوان خۆش‌هەیکەل: پێشەکی سڵاو له ئێوه به‌ڕێوه‌به‌رانی خۆشه‌ویست و هه‌روه‌ها خوێنه‌رانی به‌ڕێزی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سپاس بۆ ئێوه‌ی خۆشه‌ویست که ئه‌م ده‌رفه‌ته‌تان بو ڕه‌خساندم که بتوانم له‌گه‌ڵ خوێنه‌رانتان بدوێم. من ساڵی ١٣٦٤ی هه‌تاوی له شاری پاوه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‏دایک بووم. بنه‌ماڵه‌ی منیش وه‌کوو زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات به دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران و هاتنه سه‌رکاری ڕێژیمی ئیسلامی، تێکەڵاوی شۆڕش و دونیای سیاسه‌ت بوون و وه‌کوو زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات پێوه‌ندیان به ڕێزه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وه‌کوو ئاڵاهه‌ڵگری خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی کوردستانه‌وه گرت. به‌م بۆنه‌وه منیش به هۆی چالاکیی بابم و بنه‌ماڵه‌که‌م له نێو ته‌شکیلاتی حیزبی دێموکرات، گیران و شه‌هیدکرانی مامه‌کانم و دورخرانه‌وه و ته‌بعیدی بنه‌ماڵه‌که‌مان له شاری پاوه، ڕاسته‌وخۆ لەگه‌ڵ حیزبی دێموکرات و خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کورد له کوردستانی ڕۆژهه‌لات ئاشنا بووم و هه‌ستم به ژێرده‌سته‌یی گه‌لی کوردستان کرد. ئه‌مه سه‌ره‌تای چه‌که‌ره‌کردن و دروست‌بوونی بیروباوەڕ‌ی سیاسی و تێکەڵاوبوونی من بوو لەگه‌ڵ گیروگرفته‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد و بێبه‌شی له حه‌ق و حقووق و ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان.

کوردستان میدیا: ئێوە پەنابەرێکی سیاسین لە نۆروێژدا، بەجێهێشتنی کوردستانی ئێران و گیرسانەوەتان لەو وڵاتە چۆن هاتە ئاراوە؟

ماکوان: هه‌روه‌ک له وه‌ڵامی پرسیاری یه‌که‌مدا ئاماژه‌م پێ کرد، به هۆی ئه‌و زه‌خت و زۆره‌ی که ڕێژیمی ئیسلامی بۆ سه‌ر بابم و بنه‌ماڵه‌که‌مان دروستی کردبوو، هه‌روه‌ها بو کۆتایی‌هێنان به‌و گیر و گرفتانه‌ی که لە لایه‌ن دام و ده‌زگا ئیتلاعاتییه‌کانی ڕێژیمی ئیسلامیه‌وه بۆمان دروست دەکرا، ناچاربووین سالی ١٣٧٧ی هه‌تاوی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات به‏جێ‏بێلین و له نۆروێژ وه‌ک په‌نابه‌ر درێژه به ژیانی نائاسایی خۆمان بده‌ین.

کوردستان میدیا: ئایا چالاکیی سیاسیتان لە نۆروێژ درێژە پێدا؟ (مەبەست لە کۆمیتەکانی حدکا یان ڕێکخراوێکی نۆروێژی)

ماکوان: پێشتر به هۆی که‌م‌بوونی ته‌مه‌نمەوە، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م نه‌بوو که ڕاسته‌وخۆ ئه‌ندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بم، به‌ڵام وه‌ک لاوێک چالاکیی سیاسی و حیزبیم له ڕیزه‌کانی یه‌کیه‌تیی لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئیران له نۆروێژ هه‌بووه و دوایه‌ش وه‌ک ئه‌ندامی کۆمیته‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران له باشووری نۆروێژ کار و چالاکیم هه‌بووه. دیاره له سه‌ره‌تای دامه‌زرانی تەلەفیزیۆنی تیشک‌دا ماوه‌یه‌ک له به‌شی کامپیۆتێر و به‌شی فه‌ننی تەلەفیزیۆندا شانازیی خزمه‌ت‌کردنی ڕاگه‌یاندنی حیزبم هه‌بوو.

کوردستان میدیا: ماوەیەک لەمەوبەر بەڕێزتان وەک بەرپرسی لێژنەی كۆنتڕۆڵ و چاودێریی گشتیی شاری كریستییەن ساند هەڵبژێردران، سەبارەت بەم پرۆسەیە ڕوونکردنەوەی زیاتر بدەن؟

ماکوان: هه‌ر وه‌ک ئاگادارن له نۆروێژ هەر چوارساڵ جارێک هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی و پارێزگاکان به‌ڕێوه ده‌چێت، بۆ ئه‌م شاره‌ی که من تێیدا ده‌ژیم ٥٥٠ که‌س له نێو حیزبه جۆرواجۆره‌کانی نۆروێژدا وه‌ک به‌ربژێری شاره‌وانی به‌شداریی هه‌ڵبژاردنیان کردبوو. منیش له سه‌ر لیسته‌ی ٥٣ که‌سیی حیزبی دێموکراته‌کانی نۆروێژەوە وه‌ک به‌ربژێری ژماره ٢٤ی ئه‌م حیزبه بۆ شاری کریستین‌ساند به‌شداریی هه‌ڵبژاردنەکانم کرد. به خۆشیه‌وه به هۆی ده‌نگی متمانه‌ی به‌شێک له دەنگدەرانی هه‌ڵبژاردن، ده‌نگی سێهه‌مم له نێو لیسته‌ی حیزبه‌که‌ی خۆمدا واتە دێمۆکراته‌کانی نۆروێژ به‏ده‌ست هێنا. دوای هه‌ڵبژاردن کۆبوونه‌وه‌یه‌ک بۆ دابه‌شکردنی ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تییه‌کانی شاری کریستین‌ساند پێک‏هات که دێموکراته‌کان واته حیزبه‌که‌ی من، به‌رپرسایه‌تی لێژنه‌یه‌ک و هه‌روها به‌شداریی له سێ لێژنه‌ی دیکه‌یان وه‌به‌ر که‌وت و له نیهایه‌تدا به‌رپرسایه‌تی چوار ساڵی داهاتووی لێژنه‌ی کۆنتڕۆڵ و چاوه‌دێری گشتییleder av Kontrollutvalget شاری کریستین‌ساندیان به من ئەسپارد.

کوردستان میدیا: لە نۆروێژ، حەشیمەتێکی زۆری کوردانی دیاسپۆرا( Diaspora)ی لێ دەژین. ئینتگراسیۆن( Iintegration )ی پەنابەرانی کورد چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ماکوان: په‌نابه‌رانی کورد له ده‌ره‌وه به دوو به‌شی سه‌ره‌کی دابه‌ش ده‌کرێن. به‌شی یه‌که‌م به هۆی لەسه‌ره‌وه‌بوونی ته‌مه‌نیان لە کاتی هاتنیان بۆ دەرەوە، کێشە و گرفتی فێرنه‌بوونی زمانیان هەیە. هەر بۆیە به ڕاده‌ی پێویست بۆیان نه‌کراوه که بە شێوەی ئاکتیو تێکەڵاوی کۆمەڵگای نۆروێژ بن و دیارە ئه‌مه گرفتێکی گشتی، ئاسایی و سروشیته و له‌وه زیاتر له‌م جیلە چاوه‌ڕوانییە‌کی زیاتر ناکرێت. نه‌سڵی دووهه‌م منداڵانی جیلی یه‌که‌من که له نێو به‌رزه‌خی دوو کولتوور و دوو فه‌رهه‌نگی جیاوازدا په‌روه‌رده کراون و به‌پێی ڕاده‌ی تێگه‌یشتوویی و په‌روه‌رده‌ی بنه‌ماڵه‌یی به دوو شێوه‌ی جیاواز تێکه‌ڵی کۆمه‌ڵگای ده‌ره‌وه بوون. به‌شێک له‌م نه‌سڵه به ته‌واوی له نێو کولتوور و فه‌رهه‌نگی ئه‌و وڵاتانه‌ی که تێیدا ده‌ژین تواونه‌وه و شادی و شین و خه‌م و خۆشی و به گشتی جۆری بیرکردنه‌وه و ڕوانینیان له سه‌ر ده‌وروبه‌ر و کۆمه‌ڵگا، هه‌مان ڕوانین و بیرکردنه‌وه‌ی تاکێکی خۆماڵی ئه‌و وڵاتانه‌یه. به‌ڵام به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م نه‌سڵه‌ی دووهه‌م ئه‌وانه‌ن که هاوکات له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌ی قوتابخانه‌یی و کۆمه‌ڵگا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر په‌روه‌رده‌یه‌کی بنه‌ماڵه‌یی و کوردستانی کاریگه‌ریی له سه‌ریان هه‌بووه و خۆیان زیاتر وه‌ک تاکێکی کورد ناسیوه‌ته‌وه نه‌ک تاکێکی ئورووپایی.

کوردستان میدیا: ڕەوتی پەنابردن بۆ ڕۆژئاوا و ئورووپا بەردەوامە و کوردانی ڕۆژهەلاتیش لەو ڕەوتەدا ڕوو لە ئورووپا دەکەن. ئێوە وەک کەسێکی سەرکەوتوو لەناو کۆمەڵگای نۆروێژدا چ ئامۆژگارییەکتان بۆ ئەو کەسانە هەیە؟

ماکوان: مرۆڤ هه‌ر له دێر زه‌مانه‌وه به دوو هۆکاری سه‌ره‌کی کۆچی کردوه. یه‌که‌م گه‌ڕان بۆ شوین و ژیانی باشتر، دووهه‌م خۆ ده‌ربازکردن و لابردنی مه‌ترسیی گیانی له سه‌ر خۆی. له سه‌رده‌می ئێمه‌شدا و به تایبه‌ت دوای هاتنه‌سه‌رکاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ئه‌م دوو هۆکاره له کوردستان په‌ره‌ی ئه‌ستاند. له لایه‌ک ڕێژیمی ئیسلامی بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی مه‌ترسیی گیانیی بۆ سه‌ر به‌شێکی زۆری خه‌ڵکی کوردستان دروست کردووه و له لایه‌کی دیکه‌وه به هۆی سیاسه‌تی چه‌وسێنه‌رانەی داگیرکه‌ران له کوردستان خه‌ڵکێکی زۆر له ده‌سپێڕاگه‌یشتن به ژیانێکی ئابووری سه‌رده‌میانه مه‌حرووم کراون. ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که له‌م دوو هۆکاره سه‌ره‌کیه وەزاڵه دێن و ڕوو له ده‌ره‌وه ده‌که‌ن سه‌ره‌نجامیان له‏‌و دوو چاره‌نووسه به‌ده‌ر نیه. یه‌که‌م: کەمینەیەکی زۆرکه‌می ئه‌و خه‌ڵکه به هۆی توانایی فیکری و جه‌سته‌یه‌یی زۆره‌وه ده‌توانێ به ده تا پانزده ساعه‌ت کاری سه‌خت و به‌رده‌وام ژیانێکی ئابووریی تا ڕادەیەک باش بۆ خۆیان دابین بکه‌ن. به‌ڵام له هه‌مان حاڵدا کێشه و گرفتێکی ڕوحی و ڕه‌وانی، ڕۆژانە و بەردەوام هه‌موو سات و کاتێکی ته‌مه‌نی ئه‌م خه‌ڵکانه‌‌ داگیر دەکات. کێشه و گرفتی هه‌ست به کەمبوون و لە خۆ بێگانه‌بوون و حه‌قیربوون له به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی خانه‌خۆێ. هه‌ستێکی ناخۆش و ڕوخێنه‌ر ناخی که‌سایه‌تی ئه‌م مرۆڤانه داگیرده‌کات. ئه‌و هه‌سته ڕوخێنه‌ره ته‌نیا کاتێک هه‌ست پێ ده‌کرێ که مرۆڤ خۆی ڕاسته‌وخۆ و بەردەوام و ڕۆژانە لەگه‌ڵی به‌ره‌وڕوو بێت و ئەزموونی بکات. به‌شی دووهه‌م: زۆرینەیەکی ڕەها و مۆتڵەقی په‌نابه‌ران ده‌گرێته‌وه که هه‌م له باری ئابووری و گوزه‌رانی ژیان ئاسووده نین و هه‌ست به ‌که‌م و کوڕی زۆر ده‌که‌ن، هه‌م له باری ڕوحی و ڕه‌وانیشه‌وە کێشه‌ی زۆریان هه‌یه و هه‌ست به که‌مبوون و بێ‏بایه‌خ‌بوون له به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه و ژیان له په‌ناوپەسێوی نه‌ته‌وه‌ی خانه‌خۆێ ده‌که‌ن. که‌وابوو ئه‌مه واقعییه‌تێکی تاڵ و سه‌ره‌نجامی کۆچکردن و دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له خاک و وڵاتی خوت.