کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکەوتنی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، بەبێ بەرزبوونەوی نرخی نەوت

11:16 - 17 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئامریکایی باس لە سەرکەوتنی گەمارۆوە ئابوورییەکان بۆ سەر رێژیمی ئێران، بەبێ بازدانی نرخی نەوت دەکەن.

برایان هووک، بەرپرسی گرووپی هەنگاو بە دژی ڕێژیمی ئێران، لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خەزەڵوەر، باسی لەوە کردووە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە پێوەندیی لەگەڵ گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، زۆر سەرکەوتووانە و وردبینانە هەنگاوی هەڵگرتووە، بەبێ ئەوەی ڕێگا بدات، بە هۆی ئەم گەمارۆوانە نرخی نەوت بەرز ببێتەوە.

ناوبراو، لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: بەرزبوونەوەی پێشبینیکراوی دابینکردنی نەوت، لە ساڵی داهاتووی زایینیدا، یارمەتیی ئامریکا دەدات، کە بە شێوەیەکی بەرچاو داوای کەمکردنەوەی هاوردەکردن نەوت لەو وڵاتانە بکات، کە لە ڕێژیمی ئێرانی دەکڕن.

بەرپرسی گرووپی هەنگاو بە دژی ڕێژیمی ئێران، هەروەها هۆشداری بە وڵاتانی دیکە داوە، کە ڕێگا نەدەن کەشتییە نەوتگوازەکانی ڕێژیمی ئێران بچنە نێو هەرێمی دەریایی ئەوانەوە و یان لە لەنگەرگەکانی ئەوان کەڵک وەر بگرن. 

برایان هووک، هەروەها ئاشکرای کرد، کە ئەو کۆمپانیانەی کە ئەم کەشتییە نەوتگوازانە بیمە دەکەنەوە، لە ڕیزی گەمارۆوەکانی ئامریکا دەکەون.

بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، کە ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، خولی دووهەمی گەمارۆوەکانیان بۆ سەر پیشەی نەوت، گاز و بەشی گواستنەوەی ڕێژیمی ئێران وەگەڕ خستەوە، لە حاڵێکیشدا کە لە هاوردەکردنی نەوت و وزەی ئێران لە لایەن ٨ وڵاتی: چین، هیندوستان، ژاپۆن، کورەی باشوور، تورکیە، ئیتالیا، یوونان و تایوان چاوپۆشییان کردووە، بەوەشەوە باس لە سەرکەوتنی گەمارۆوەکان بە دژی ئەو ڕێژیمە دەکەن.