"هیوا بەهرامی" بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەكانی حیزبی دێموکرات لە نامەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ "ئالێكساندەر ڤان دێر بێلێن" سەركۆماری وڵاتی "ئۆتریش'' نووسیویەتی؛ کاتێک لە میدیاکانی ئاڵمانی "ئیبراهیم ڕەئیسی" بە "قازیی خوێنمژ" ناوی دەبرێت، بۆچی نامەی پیرۆزباییتان بۆ ناوبراو ناردووە.
بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەكانی حیزبی دێموکرات لەو نامە ڕەخنەگرانەدا بۆ سەرکۆماری ئۆتریش نووسیویەتی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ٣٢ ساڵ بە سەر تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە ڤییەن تێپەڕ دەبێت کە بەداخەوە ئەو کاتیش دەوڵەتی "ئۆتریش" پشتی لە هەموو بەها مرۆڤی دادپەروەرییەكان كرد و بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیی خوی تێرۆریستەكانی بو ئێران بەڕێ كردەوە.
لە پێوەندی لەگەڵ ناردنی نامەی پیرۆزبایی بۆ "ئێبراهیم ڕەئیسی" لەلایەن سەركۆماری "ئۆتریشـ"ـەوە "هیوا بەهرامی" بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەكانی حیزبی دێموکرات نامەیەكی بۆ "ئالێكساندەر ڤان دێر بێلێن" سەركۆماری ''ئۆتریش'' نارد.
لە نامەكەی بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەكانی حیزبی دێموکرات بو سەركۆماری "ئۆتریش" وێڕای ئاماژەدان بە ڕابردووی "ڕەئیسی'' كە تەنانەت لە میدیا ئاڵمانی زمانەكانیشدا بە "قازیی خوێنمژ" ناوی دەبرێت، ڕەخنەی توندی لەو هەڵوێستەی سەركۆماری ئۆتریش گرت.
"بەهرامی'' لە نامەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، سەركۆماری "ئۆتریش'' كە پێشتر وەک سەرۆكی ''پارتی سەوز"ی ئەو وڵاتە چەندین جار لەگەڵ نوێنەرانی حیزب كۆ بووەتەوە و بە باشی ئاگاداری دۆخی سیاسی و مافی مرۆڤ لە ئێران بە گشتی و كوردستان بە تایبەت هەیە، چاوەڕوانیی لێ نەدەكرا پیرۆزبایی لە كەسێک بكات كە وێڕای ئەوەیکە دەستی لە لەسێدارەدانی هەزاران جیابیر و چالاكی سیاسی لە ئێراندا هەبووە، لە هەمانكاتدا لە بەناو هەڵبژاردنێكی تەم و مژاویدا كراوە بە سەركۆمار كە كەمتر لە یەک لە سەر سێی خەڵكی ئێران بەشداریان تێدا كردووە.
بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەكانی حیزبی دێموکرات لە درێژەی نامەیەكەیدا نووسیویەتی؛ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ٣٢ ساڵ بە سەر تێرۆری دوکتور "قاسملوو" و هاوڕێیانی لە ڤییەن تێپەڕ دەبێت كە ساڵی ١٩٨٩ بە دەستی نێردراوانی ڕێژیمی ئێران تێرۆر كران. بەداخەوە ئەو دەمیش دەوڵەتی "ئۆتریش" پشتی لە هەموو بەها مرۆڤی دادپەروەرییەكان كرد و بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسی خۆی تێرۆریستەكانی بەڕێ كردەوە بو ئێران.
لە كۆتایی نامەكەی بەرپرسی پێوەندییەكانی حیزب بو سەركۆماری "ئۆتریش"، ئاماژە بەوە كراوە كە هەڵبژاردنی ڕابردوو لە ئێراندا نیشانی دا كە ڕێژیم چیدی لای خەڵک مەشرووعیەتی نەماوە و لەم كاتە دژوارەدا كە نەتەوەكانی ئێران هەوڵی ڕزگاربوون لەو ڕێژیمە دەدەن، ئەركی وڵاتانی دێموكراتیک و ئازادە لە پەنا ئازادیخوازانی ئێراندا بن و چیدی نەبنە هۆكاری مانەوەی ڕێژیم لە دەسەڵاتدا.
سەرۆك كۆماری ئوتریش لە نامەیێكی فەرمیدا وڵامی نامەكەی بەرپرسی پێوەندیە نێونەتەوەییەكانی حیزبی داوەتەوە.
لە نامەكەی سەركۆماری "ئۆتریشـ"ـدا وێڕای سپاس بو ئەو زانیاریانەی لە نامەی بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەكانی حیزبدا باسیان لێ كراوە، ئاماژە بەوە كراوە كە بەڕێزیان بە وردی و لەمێژ ساڵە ئاگاداری دۆخی سیاسی و مافی مرۆڤ لە ئێراندا هەن و لە هەموو ئەو دەرفەتانەی بۆی هەڵكەوتوون بۆچوونی خوی بە لایەنی ئێرانی ڕاگەیاندووە.
بەڵام بو ئەوەی بۆچوونەكانی خۆیان بە ڕێژێمی ئێران بگەیێنین، پێویستە پێوەندیان لەگەڵ ڕێژیم هەبێت. سەركۆماری "ئۆتریش" بە ئاماژەدان بە وتووێژەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١ لە ڤییەن نووسیویەتی؛ بو ئێمە زۆر گرینگە كە پێش بە بەرهەمهێنانی چەكی ناوەكی بگیردرێت بو ئەوەی سەقامگیریی ناوچەكە تێک نەچێت. ئەمەش لە ئێستادا لە كاناڵی وتووێژ و دیپلۆماسیدا ئیمكانی هەیە. بۆیەش پچڕاندنی پێوەندییەكان لە ئێستادا ئاكامی نەرێنیان دەبێت.
سەركۆماری "ئۆتریش" لە كۆتایی نامەكەیدا نووسیویەتی؛ تەنانەت لەو نامەیەی پیرۆزبایی كە بۆ سەركۆماری نوێی ئێرانی ناردووە، نیگەرانیی خۆم لە دۆخی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا بە ڕوونی باس كردووە.