کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێک لە کابینەکەی کازمی لە پارلمان متمانەی یاسایی وەرگرت

13:44 - 18 بانەمەڕ 2720

پاش هەڵوەشاندنەوەی دوو کابینەی نوێ لە عێراق سەرەنجام سەرۆکوەزیرانی نوێ سوێندی یاسایی خوارد و بۆ پێکهینانی دەوڵەت ڕاسپێردرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ بانەمەڕ، "مستەفا ئەلکازمی"، لە بەرانبەر ٢٥٥ کەس لە نوێنەرانی پارلمانی عێراقدا و پاش ڕەزامەندی لەگەڵ کابینەی پێشنیارکراوی، وەکوو سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق سوێندی یاسایی خوارد.

"ئەلکازمی" لە وتاربێژییەکەیدا لە پارلمان، سەرەڕای جەخت کردنەوەی لەسەر ئەوەیکە دژ بە هەر چەشنە دروستبوونی نائارامییەک لە عێراقدایە وتوویەت، دەوڵەتی نوێ دەوڵەتی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی کێشەکانە نەک دەوڵەتی قەیرانەکان.

ئەلکازمی هەروەها لەسەر قۆرغکردنی چەکوچۆڵەکان بە دەستی دەوڵەت، هێزە چەکدارەکان و بە فەرمانی فەرماندەی گشتی جەختی کردووەتەوە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە دەوڵەتی ئەو بەتەمایە هەڵبژاردنێکی بەپەلە و دروست بەڕێوە ببات و هەروەها بەوە پێبەند بوو کە ڕەوتی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا درێژە پێ بدات.

سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق لە تویتێکدا لە لاپەڕەی تویتێریی خۆیدا ڕایگەیاندووە ئامانجی دەوڵەتەکەی ئەو خزمەتکردن بە خەڵک، سەقامگیرکردنی دەسەڵات، ئەمنییەت و دادپەروەری لە عێراقدایە.

"مستەفا ئەلکازمی" سێیەمین سەرۆکوەزیرانی دیاریکراوی عێراق پاش "عادل عەبدولمەهدیـ"ـیە.

پاش "عادل عەبدولمەهدی" کە لە ژێر گوشاری خۆپیشاندانە بەربڵاوەکاندا، دەستی لە کار کێشایەوە، وڵاتی عێراق بۆ ماوەی ٥ مانگ بێ سەرۆکوەزیران مایەوە .

لەو ماوەیەدا دوو سەرۆکوەزیرانی دیکە بۆ پێکهێنانی دەوڵەت لە عێراقدا دیاری کران کە بەهۆی ناڕەزایەتیی فراکسیۆنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە هەر لە سەرەتاوە دەستیان لەکار کێشایەوە.