![](/content/upload/1/news/52579_w920.jpg)
ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەشەمەی ١٤٠٠، "نەفتالی بێنێت" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران لە ڕەوتی دانوستانەکانی ڤییەندا خوازیاری لابردنی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان و هەروەها داخرانی یەکجاری دۆسیەی ناوکی لە ئاژانسی نێونەتەوەیی ناوکی بووە.
"بێنێت" کە لە کۆڕی سەرەکیی جووەکانی ئامریکا قسەی دەکرد، وتی: "نیگەرانی ڕێکەوتنێکین کە لە "ڤییەن" خەریکە ڕوودەدات و دەبێتە سەرچاوەی شەڕ و خوێنڕشتن و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نائەمن".
ئەم بەرپرسە باڵایەی ئیسرائیل سپای پاسدارانی وەک گەورەترین ڕێکخراوی تێرۆریستیی جیهان ناو برد کە لە ئەگەری لابردنی لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکاندا زۆرتر و دڕندانەتر لە جاران درێژە بە تێرۆریزم دەدات.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە گەورەترین کێشەی ڕێکەوتنی نوێ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران "بەندی غرووبـ"ـی ئەم ڕێکەوتنەیە کە پاش ئەم دوو و نیو ساڵ، ڕێژیمی ئێران دەتوانێت سانتریفیوژی پێشکەوتوو دروست بکات و درێژە بە کردەوە نایاساییەکانی بدات.
"بێنێت" لە کۆتاییدا دیسان وتی: "مافی ئازادیی کردەوە بۆ خۆمان بە ڕەوا دەزانین و هەرکاتێک هەست بە مەترسی بکەین دەیانکەینە ئامانج".