کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: ڕێککەوتنی بەرجام زیاتر لە جاری پێشووتر زیانی بۆ ڕێژیمی ئێران دەبێت

17:19 - 1 رەشەمه 2721

"نەفتالی بێنێت" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ڕێککەوتن لەسەر دۆسیەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لەناکاو ڕوو دەدات، بەڵام لەچاو ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠٠٥ کە ئەنجام درا، بۆ ئەو ڕێژیمە زیانی زۆرتر دەبێت.

"بێنێت" جەختی کردووەتەوە کە ئیسرائیل لە حاڵی خۆڕێخستنە بۆ ئەوەی لە هەموو ئاستەکاندا خۆی بۆ ڕۆژی دوای ڕێککەوتنەکە ئامادە بکات.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەدا باسی لەوەش کردووە: "تێرۆریزمی ئێرانی ئێمە و وڵاتانی دیکە لە ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە، ئیسرائیل بۆ ڕۆژی دوای ڕێککەوتن خۆی ئامادە دەکات هەتا ئەمنییەتی هاووڵاتییانی خۆمان بپارێزین".

هاوکات لەگەڵ ئەو قسانەی "بێنێت"، ٢٥٠ نوێنەری ڕێژیمی ئێران لە مەجلیس لە بەیانییەیەکدا ڕوو لە "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ئەو ڕێژیمە، شەش مەرجیان بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی بەرجام داناوە و وتوویانە دەبێ ئامریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژاوایی  گەرەنتی بدەن کە لە بەرجام ناچنە دەرەوە و لە مێکانیزمی ماشە کەڵک وەرناگرن.

هەروەها ئەو نوێنەرانە داوایان کردووە کە گەمارۆکان لەوانە "ناوکی، تێرۆریزم، مووشەکی و مافی مرۆڤ" لا ببەن.