کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکوەزیری ئیسرائیل: هەر شێوە ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاران هەڵەیەکی ستراتیژیی لێ دەکەوێتەوە

17:44 - 26 رێبەندان 2721

"نەفتالی بێنێت" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بەوەیکە هەر شێوە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەڵەیەکی ستراتیژیکی لێ دەکەوێتەوە، جەختی کردووەتەوە کە وەها ڕێککەوتنێک لەگەڵ تێکردنی چەندین میلیارد دۆلار بۆ "تاران" دەبێتە هۆی گەشەی کاری تێرۆریستیی ئەو ڕێژیمە.

"بێنێت" ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندان، لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئەلئەیامـ"ـی بەحرەین وتوویەتی: "ڕێککەوتنی بەرجام وا لە تاران دەکات کە توانا ناوکییەکانی خۆی پەرە پێ بدات".

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوەش کردووە: "ئەو چەندین میلیارد دۆلارەی کە ڕێژیمی ئێران بە دەستی دێنێت بۆ گەشەی ماشینە تێرۆریستییەکەی کەڵکی لێ وەردەگرێت و زیان بە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دەگەیەنێت و ئێمە ڕێگە نادەین وەها ڕووداوێک ڕوو بدات".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل زیادی کردووە: "ئێمە شەو و ڕۆژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و گرووپە ملیشیاکانی لە ناوچەکەدا خەریکی شەڕین و هەرکات کە هاوڕێکانمان لە ناوچەکە لە پێناو ئاشتی و ئەمنییەتدا داوای یارمەتی و هاوکاری بکەن بە هانایانەوە دەچین".

"نەفتالی بێنێت" هەروەها لەسەر ئەوەش جەختی کردووەتەوە کە "تاران" هەڕەشەیەکی هاوبەشە بە دژی وڵاتانی بەحرەین و ئیسرائیل.

"بێێت" پێشتر هۆشداریی دابوو کە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەڵەیەکە کە بەگشتی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.