کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی تۆڕی تەندروستی و دەرمانی ڕێژیم لە بۆکان دەستی لەکار کێشایەوە

19:26 - 6 جۆزەردان 2720

سەرۆکی تۆڕی تەندروستی و دەرمانی ڕێژیم لە بۆکان بەهۆی گەندەڵیی ماڵی و دەرکەوتنی گەندەڵییەکانی دەستی لەکار کێشایەوە.

"محەممەد عەباسی"، سەرۆکی تۆڕی تەندروستی و دەرمانی ڕێژیم لە بۆکان کە یەکێک لە بەرپرسە گەندەڵەکانی ئەو شارەیە کە کۆمەڵێک گەندەڵیی ماڵیی بە ئاگاداریی "قەسیم عوسمانی" بەناو نوێنەری شاری بۆکان لە مەجلیسی ڕێژیم ئەنجام دابوو، ئەمڕۆ ٦ی جۆزەردان، پاش دیدارێک لەگەڵ "عوسمانی" دەستی لەکار کێشایەوە.

ئەو بەرپرسەی تۆڕی تەندروستی و دەرمانی ڕێژیم لە بۆکان، ماوەیەک پێش لە کاتی گەیشتنە لووتکەی قەیرانی کۆرۆنا و نەمانی دەمامکی N95 دەرکەوت کە ناوبراو ڕێژەیەکی زۆر لەو دەمامکانە و ماددەی دژەگەندکردنی دەست بەسەردا گرتووە و لە ڕێگای دەرمانخانەیەکەوە بەناوی "سەعید عەباسی"، بە شێوەی ئازاد فرۆشتوویە.

بێکیفایەتی لە بەڕێوەبەریی ئەو بەرپرسەی ڕێژیمدا بوو بە هۆکار تا لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا تۆڕی تەندروستی و دەرمانی ڕێژیم لە بۆکان لە خراپترین بارودۆخیدا بمێنێتەوە.

هەروەها لە زیانەکانی نابەڕێوبەرایەتیی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم دەتوانین ئاماژە بە داخرانی ناوەندی گواستنەوەی خوێن و هەروەها گەڕاندنەوەی کەرەستە گرینگەکانی ناوەندەکانی تاقیکاری بۆ شیرکەتەکان و قەرزارباریی لەڕادەبەدەری نەخۆشخانە و تۆڕی تەندروستی بکەین.

هەروەها بێکیفایەتیی ناوبراو بوو بە هۆکار تا پاش چەند ساڵ دروستکردنی دووەمین نەخۆشخانەی بۆکان، هەروا لە قۆناغی دەستپێکدا بمێنێتەوە.