کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی دادگوستەریی روانسەر کوژرا

15:43 - 21 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: دادوەر سەلیم قەنبەری سەرۆکی دادگوستەریی شارستانی روانسەر بە زەربی چەک کوژرا.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، سەر لە بەیانی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢١ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، دادوەر سەلیم قەنبەری، سەرۆکی دادگوستەری روانسەر، پایەبەرزترین پلەی دەزگایی قەزایی رێژیمی ئیسلامی لە روانسەر بە زەربی چەک کوژرا.

سەلیم قەنبەری خەڵکی شاری کرماشان و ماوەی ٧ ساڵ پێرسۆنێلی فەرمی دادگوستەریی شاری روانسەر بووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا وردەکارییەکانی ئەم رووداوەی بەم چەشنە راگەیاندووە: ئەو رووداوە کاتژمێر ٧:٤٥ بەیانی، قەنبەری لە بلواری تەنیشت شارەداری روانسەر بە چەکی کڵاشنیکۆف دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە .

ئەو سەرچاوە هەواڵدەرییە شوناسی ئەو کەسە چەکدارەی کە لە ئەندامانی بەسیجی رێژیم بووە حوسێن ریشی کوڕی حەسەن و خەڵکی گوندی قۆری قەڵا راگەیاندووە.

دەوترێت کە ناوبراو لە کاتی کوشتنی دادوەر قەنبەری دراوەتە بەر دەسترێژی گولـلە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هۆی پاڵنەری ئەو کوشتنەی تەواو شەخسی وەسف کردووە و لەو پەیوەندییەدا رایگەیاندووە کە بە پێچەوانی ئیدیعای بەڕێوەبەری گشتیی ئەمنییەتی و نیزامی پارێزگاری کرماشان، پاڵنەری سیاسی لەو کردەوەیەدا نەبووە.

ئەو سەرچاوە هەواڵدەرییە لەزاری سەرچاویەکی ئاگادار لە دادگوستەریی گشتیی پارێزگای کرماشان رایگەیاندووە کە ٢٠ دادوەری ئەو پارێزگایە لە ماوەی ساڵی رابردوودا بە تۆمەتی گەندەڵی لەسەر کارەکانیان لابردراون.

لەو پەیوەندییەدا، ماوەیە پێش ئێستا پاکانەکانی نێوخۆیی هێزەکانی رێژیم لە سەقز و گۆڕینی ژمارەیەکی بەرچاو کە بەرپرسانی نیزامی و دامەزراندنی بەرپرسانی نزیک لە گاری رێبەری، بووە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان بەرپرسانی نیزامی نوێ و دەست‌وپەیوەندییەکانی رێژیمی ئێران کە لە ئاکامدا ٤ کوژرا و برینداری لێکەوتەوە.

ئاویەر. ت