کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی ئەردەبێڵ لەسەر کار دەرکرا

12:26 - 24 خاکەلێوه 2720

سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای ئەردەبێڵ بەهۆی پشتیوانیکردن لە بەرپرسی نەخۆشخانەیەکی ئەو پارێزگایە کە ئاماری فەرمیی سەبارەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران بڵاو کردبووەوە لەسەر کار لابرا.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ئاماری ڕاستەقینە سەبارەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لەلایەن بەرپرسی نەخۆشخانەی "خومەینیـ"ـی ئەردەبێڵ، "سەعید نەمەکی"، وەزیری تەندروستیی ڕێژیم لە حوکمێکدا، "قودرەت ئەخەوان ئەکبەری"، سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی ئەو پارێزگایەی لەسەر کار لابرد.

دەوترێت ئەو حوکمە بەهۆی پشتیوانیکردنی ناوبراو لە "ئیسماعیل فەرزانە"، بەرپرسی نەخۆشخانەی "خومەینیـ"ـی ئەو پارێزگایە کە ئاماری ڕاستەقینەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە ئێراندا بڵاو کردووەتەوە بەسەریدا سەپاوە.

"فەرزانە"، لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم وتوویەتی، ئاماری فەرمیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنیا "سووچێک لە ئامارە ڕاستییەکانە".

ناوبراو وتوویەتی، بەپێی سیاسەتی وەزارەتی تەندروستی، تەنیا کەسانێک کە تێستی تووشبوون بە کۆرۆنایان ئەرێنی دەردەچێت لە ئاماردا حیساب دەکرێت.

ئەمە لە حاڵێکدا کە لە هەموو تووشبووان تێست وەرناگیردرێت و بڕێک لە تووشبووانیش بەبێ تێست وەرگرتن دەخەوێندرێن.

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە کادری دەرمانی و پزیشک و پەرستارەکانی بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕاستەقینە و باسکردنی ڕاستییەکان بە بیانووی جیاوازەوە لەسەر کار لابرد و تەناتەت ژمارەیەکیش لە پزیشکەکان بانگ و دەستبەسەر کران.

ئەو ڕێژیمە لە هەوڵدایە تا دۆخی وڵات لەوەی کە ئێستا هەیە شپرزەتری بکات و بە قازانجی خۆی و بە زەرەری خەڵک دەجووڵێتەوە.