
"محەممەد باقر قاڵیباف" سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دانیشتنی مەجلیس، سەبارەت بە خانووبەرە وتوویەتی: "بەشێک لە چین و توێژی کۆمەڵگە لە ئەمڕۆوە هەتا ١٢٠ ساڵی دیکە ناتوانن ببنە خاوەنی خانوو".
بە وتەی "قاڵیباف" ئەو بابەتە لە پەراوێزی شارەکان و پتر لە شارەکان بوونی هەیە و زیاترین یارمەتی بۆ بژێویی بنەماڵەکان بابەتی پیشە و دابینکردنی خانووبەرەیە.
ناوبراو وتوویەتی: "خەڵک بەردەوام داخوازییان لە ئێمە ئەوە بووە کێشەی پیشە و خانووبەرەیان بۆ چارەسەر بکەین".
نرخی خانووبەرە لە ئێران لە نێونجیی جیهانی و تەنانەت لە وڵاتانی دراوسێییش زیاترە؛ هاوکات بەهۆی قەیرانی ئابووری، خەڵک توانای کڕێنی خانوویان نییە.
لەلایەکی دیکەوە کەلوپەلی بیناسازی گران بووە و خەڵک توانای کڕینی پێداویستییەکانی دروستکردنی خانووبەرەیان نییە.
لە ساڵانی ڕابردوودا نرخی خانووبەرە و یەکەکانی نیشتەجێبوون بە ڕادەیەکی زۆر و بەرچاو بەرز بووەتەوە و ڕێژیم توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەی نییە.