کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم هەڕەشەی لە ناڕازییانی هەفت تەپە کرد

17:21 - 5 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لە ٢٢ەمین ڕۆژی ناڕەزایەتیدەربڕینی کرێکارانی هەفت تەپەدا، سەرۆکی هێزی بە ناو دادوەریی ڕێژیم هەڕەشەی لە ناڕازییان کرد؛ ئەم بەرپرسەی ڕێژیم خواستی کرێکارەکانی بە بیانوویەک بۆ تێکدانی نەزمی گشتیی ئێران ناو برد.

کرێکارانی هەفت تەپە، ئەمڕۆ دووشەممە، ٥ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ٢٢ەمین ڕۆژی ناڕەزایەتی دەربڕینی خۆیاندا، سەرەڕای داواکردنی مافە ڕەواکانی خۆیان، خوازیاری ئازادی "ئیسماعیل بەخشی"، نوێنەری خۆیان و هەروەها "سپیدە قلیان" چالاکی مەدەنی بوون.

"سادق ئامۆلی لاریجانی"، سەرۆکی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوە لە گەڵ بەرپرسانی دادوەریدا ڕایگەیاند: "دوژمن ئەیهەوێ وەکوو کەرەستە کەڵک لە کرێکارەکان وەرگرێت، بۆیە خەریکی کەڵکئاژۆ وەرگرتن لە هەندێک لە کەموکوڕییەکانە."

ناوبراو هەروەها وتی: "ئەبێ لە گەڵ ئەو کەسانەی کە ئەیانهەوێ لە کرێکارە خۆشەویستەکان وەکوو کەرەستە کەڵک وەرگرن و بە هێنانی کەسانی بێگانە بۆ شوێنی کرێکارەکان و بە بیانووی خواستی کرێکاران نەزمی وڵات تێک بدەن بە جیددی بەرخورد بکرێت. ئەم کارانە، کاری دوژمنە"

ئامۆلی هەروەها ڕایگەیاندووە کە:" به ئاژاوەنانەوە و قەیران و کردەوەی دژ به نەزمی گشتی، داخوازییەکان بە ئاکام ناگەن و قەبووڵ ناکرێ هەندێ کەس داخوازەکان بکەنە بیانوو و نەزمی وڵات تێک بدەن."

هەڕەشەکانی ئامۆلی لە کرێکارەکان و پێوەندیدانی کێشەی کرێکارەکان به دوژمنانی ڕێژیمەوە، لە حاڵێکدایە کە کرێکارەکان به بێ گوێدان به هەڕەشەکانی دیکە لە چەشنی لەسێدارەدان و دەستبەسەرکرانیش درێژەیان به مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕین داوە و ئەمڕۆش دیسان کرێکارانی هەفت تەپە و فوولادی خووزستان بۆ گەیشتن به مافەکانیان درێژەیان به ناڕەزایەتی دەربڕینەکەیان دا و لە سەر خواستەکانی خۆیان پێداگرییان کرد.