کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرکۆماری فەرانسە کۆ بوونەوە

13:17 - 13 خەرمانان 2720

لە پاش سەردانی سەرکۆماری فەرانسە بۆ بەغدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی هاوڕێیدا کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ "ئێمانۆئێل ماکرۆن" سەرکۆماری فەرانسە پێکهێنا.

"ئێمانۆئێل ماکرۆن" سەرکۆماری فەرانسە، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەرمانان، لە سەفەرێکی یەک ڕۆژەدا بۆ بەغدا جەختی لەسەر پشتیوانیی فەرانسە لە هەرێمی کوردستان کردەوە و لەگەڵ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆ بوویەوە.

لەو پێوەندییەدا "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارمان لەگەڵ ماکرۆن ئەنجام دا".

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە عێراقییەکان، لەو چاوپێکەوتنەدا، بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پەرەپێدانی پێوەندییەکان و دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە باسی لەسەر کراوە.

لەو دیدارەدا لایەنەکانی دانیشتنەکە "گەڕاندنەوەی سەقامگیرییان بۆ عێراق" بە ڕێگاچارەیەکی پێویست بۆ چارەسەریی کێشەکان زانی و جەختیان لەسەر هاوکارییەکانی فەرانسە و کۆمەڵگای جیهانی کردەوە.