بەپێی هەواڵدەری "تەسنیم" سەر بە ڕێژیمی ئێران، "مەهدی دانشپوور" سەرۆکی پۆلیسی فەتا لە پارێزگای "سنە" وتوویەتی: "لێبڕاوانە لەگەڵ ئەو کەسانە هەڵسوکەوتی توندمان دەبێت کە بەنیسبەت ژینگەوە هەواڵی درۆ و ناڕاست بڵاو دەکەنەوە، هەروەها بە هاوکاریی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی دژی تاوانباران سزا دەر دەکەین".
"دانشپوور" ڕۆژی سێشەممە ١٦ی سەرماوەز لە کۆبوونەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانەی کە تاوانی ژینگەییان لە پارێزگای "سنە" هەبووە زیادی کردووە، بەتوندی دژی ئەو کەسانەی هەواڵی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکەنەوە دژکردەوەمان دەبێت.
هەروەها وتیشی کە بەهۆی دۆخی کۆرۆنا حەشیمەتێکی زۆر ڕوویان کردووەتە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەبێ چاوەدێری و خوێندەواری میدیایی لەنێو بنەماڵەکان، منداڵان و مێرمنداڵاندا دوو هێندە بکرێت.
ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە لەنێو دنیای خوازەکیدا هێندێک کەس بە بیانووی جۆراوجۆر و بڵاوکردنەوە و دەنگدانەوەی هەواڵی درۆ و ناڕاست دەیانەوێت خزمەت و هەوڵەکانی نیزام ببەنە ژێر پرسیار و بۆ ئەو بابەتە ژینگەیان کردووەتە ئامرازێک.
ئەو قسانەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەواڵی ناڕاست و چەواشەکراو بڵاو دەکەنەوە و ڕوانگەی خەڵک بەلاڕێدا دەبەن.