کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی ڕێکخراوی بەرنامە و بودجەی ڕێژیم وتی، بە گەشەی ٨ لەسەدی، ئابووریی ئێران وەکوو ساڵی ٩٠ی لێ دێتەوە

11:40 - 12 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ی پووشپەڕ، "مەسعوود میرکازمی" سەرۆکی ڕێکخراوی بەرنامە و بودجەی ڕێژیمی ئێران وتی، ئەگەر ئێران شەش ساڵی بەردەوام، گەشەی ئابووریی ٨ لەسەدیی هەبێت، هێشتا ئابووریی ئێران تازە وەک ساڵی ٩٠ی هەتاویی لێ دێتەوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی کە لە هەشت ساڵ سەرکۆماریی "حەسەن ڕووحانی"، ئابووریی ئێران گەشەی سیفر لەسەدیی هەبووە.

قسەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە لە کاتی هاتنەسەرکاری "ئیبراهیم ڕەئیسی" وەکوو سەرکۆماری ڕێژیم، ئابووریی ڕێژیم بەرەو داڕمان چووە و لە دە مانگی ڕابردوودا دراوی ئێران بایەخی خۆی لەدەست داوە و هەڵاوسان زیادی کردووە.

لەلایەکی دیکەوە هەناردەی بەرهەمی ئابووریی ئێران کەمی کردووە و دراوی ئێران تەنیا لە بەرزبوونەوە و هاتنەخواری نرخی بەرهەمە نەوتی، پێترۆشیمی و کانگاییەکان توانیویەتی هەندێک گەشە بە خۆیەوە ببینێت.

بەپێی ئاماری بانکی جیهانی، بەرهەمی نێوخۆیی ڕێژیم بەپێی نرخە دیاریکراوەکان لە ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٢٣١ میلیارد دۆلار، لە حاڵێکدا ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٢٠١٢دا نزیک بە ٦٤٤ میلیارد دۆلار بووە.