"حوسێن تایب" سەرۆکی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هاوکارانی، هەڕەشەی لەنێوچونی ئیسرائیل کرد و وتی ئەو وڵاتە جێژنی ٨٠ ساڵەی خۆی ناگرێت و لەنێو دەچێت.
"تایب" وێڕای ئەوەی کە پێی وایە ئیسرائیل لەنێو دەچێت، وتی: "هێژموونیی ئامریکا هەتا ڕادەیەکی زۆر دابەزیوە".
دوو مانگ دوای ڕێکەوتنی ناوەکیی ڕێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥ لە ١٨ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بە قسەی خۆی پێشبینیی کردبوو بەڵام لە ڕاستیدا هەڕشەی کردبوو: "ڕێژیمی سەهیۆنیستی ٢٥ ساڵی دیکە بوونی نابێت و بۆ هەمیشە لە ڕووی نەخشەی جوغرافیای جیهان دەسڕدرێتەوە".
بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەڕەشەی لەنێوبردنی ئیسرائیلیان کردووە و لە بەرانبەریشدا بەرپرسانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە کە بۆ پاراستنی خەڵک و وڵاتەکەیان لە هیچ کردەوەیەک دژی ئێران سڵ ناکەن و بەرگری لە خۆیان دەکەن.