کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەتای هەموو بەهارێک بۆ نەتەوەی کورد بۆنی "خەردڵ" دەدات

11:16 - 25 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، ڕێژیمی بەعسی عێراق، شاری هەڵەبجەی کیمیا‌باران کرد و تراژدییەکی دیکە لە مێژووی نەتەوەی کورد ڕووی دا.

ئەمڕۆ شەممە، ٢٥ی ڕەشەمە، ٣١ ساڵ بەسەر کیمیا‌بارانی شاری ھەڵەبجە تێدەپەڕێت، كە لەو ڕۆژەدا لە لایەن ڕێژیمی بەعسی عێراقەوە، ئەم شارە کیمیا‌باران كرد و زیاتر لە ٥ ھەزار ھاووڵاتی ئەو شارە شەھید بوون و زیاتر لە ١٠ ھەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.

دوایین ڕۆژەكانی مانگی ڕەشەمە و نزیكبوونەوە لە بەهاری ١٣٦٧ بوو. دێوەزمەی شەڕ چ لە بەرەكانی شەڕ، ڕۆژانه جەستەی مرۆڤەكانی دەهاڕی و كاولكاری گەورەی لە شار و گوندەكان بەجێ دەهێشت. دەسەڵاتدارانی شەڕخواز لە بەغداد و تاران خوێن تێری نەكردبوون و ئەژدیهای شەڕ جەستەی ئینسانەكانی هەڵدەلووشی. ناسیۆنالیزمی ڕەگەزپەرەستی عەرەب و فارس بە سەرکەوتن یا شکستی هەر كامەیان لە بەرەكانی شەڕدا، ئەوی دیكەی هار دەكرد و تاوان و جەنایەتی گەورەتریان دەخولقاند و تاوانبارانی شەڕ حازر بە كۆتاییهێنان بە كوشتاری ئینسانەكان نەبوون. واتا نه ‌"خومەینی" و دارودەستەكەی توانیان بە وتەی خۆیان "ڕێگای قودس لە كەربەلاوە ببڕن" و نە دیكتاتۆرەكەی بەغدادیش توانی سەركەوتنی "عەرەب بەسەر فارسدا" جێژن بگرێت.

دوای ئەو ھەموو ساڵە ھێشتا چیرۆكی تراژیدیی ھەڵەبجە و شوێنەواری کیمیا‌باران بەسەر جەستەی خەڵک و سرووشتی شارەكەدا ماون، هەتا ئێستاش ھەموو منداڵە بێسەروشوێنبووەكانی ھەڵەبجە نەدۆزراونەتەوە و زۆرێک لە دایكانی ھەڵەبجە چاوەڕێی ڕۆڵەكانیان دەكەن و بریندارەكانیش چاوەڕێی دەرمانن.

پاش ٣١ ساڵ لە کیمیابارانكردنی ھەڵەبجە هەتا ئێستا زۆر لە بەركەوتووانی ئەو بۆردمانە چارەسەر نەكراون.

لە درێژەی ھەوڵەکانی ڕێکخراوی "چاک"، گەورە بازرگانی چەکی کیمیایی، "فەڕانس ڤان ئەنرات" ڕاکێشی دادگا کرا و بە تاوانی کۆمەڵکوژی  بە ماوەی ١٥ ساڵ زیندانی کرا.