کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەخۆشیی حیزبی دێموکرات لە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

11:52 - 17 خاکەلێوه 2720

بەبۆنەی کۆچی دوایی "جەماڵ حەکیم ئاغا" یەکێک لە تێکۆشەرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی مەکتەبی پێوەندییەکانی یەکیەتیی نیشتمانی کرد.

دەقی پرسەنامەکە بەم چەشنەیە:

مەکتەبی پێوەندییەکانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان،

وێڕای سڵاوێکی گەرم،

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرینی گەلەکەمان و کادری بەوەجی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، هەڤاڵ جەماڵ حەکیم ئاغامان پێگەیشت کە بوو بەهۆی خەم و پەژارەی هەموومان.

بەبۆنەی کۆچی دوایی ئەو تێکۆشەرە ناسراو و نیشتمانپەروەرە لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە سەرەخۆشی و هاودەردی لە سەرکردایەتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، بنەماڵەی ئەو خەباتگێڕە ناسراوەی گەلەکەمان و هەموو کادر و پێشمەرگە و جەماوەری یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین و خۆمان لە پرسەی ماتەمینیی لەدەستچوونی ئەم ڕۆڵە تێکۆشەرەی گەلەکەماندا بە شەریک و بەشدار دەزانین.

هەڤاڵانی بەڕێز!

جەماڵ ئاغا یەکێک لەو ڕۆڵە نیشتمانپەروەرانە بوو کە لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کورد لە باشووری کوردستاندا وەک پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و کادرێکی بە بیر و باوەڕ و مافخواز زیاتر لە ٥٠ ساڵ تەمەنی پڕ لە شانازیی خۆی لەم کاروانە پڕ حەماسە و بەرخۆدانەدا بەسەر برد و بوو بە کەسایەتییەکی دیار و ناسراوی بزووتنەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان.

جەماڵ ئاغا تێکۆشەرێکی خوێنگەرم، خەڵکی و خاکی،  قسەخۆش و نوکتەزان بوو و هەر ئەم تایبەتمەندییە بەرزانەی بوون به‌هۆی ڕاکێشانی سەرنجی دۆستانی و ڕێبەرانی کورد لە دیدار و چاوپێکەوتنەکانی ڕێزدار مام جەلال تاڵەبانیدا زۆر جار یەکێک لە پارێزەرانی بوو و بە تایبەت لە سەردانەکانی بۆ لای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێبەری مەزن دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، جەماڵ ئاغا لە حیزبی دێموکراتدا جێگە و پێگەیەکی تایبەتی هەبوو و بە ڕێزەوە چاوی لێدەکرا و پێشوازیی لێ دەکرا.

کۆچی دوایی جەماڵ ئاغا بێگومان بۆ هەڤاڵانی و بنەماڵەی نیشمانپەروەری و دۆستانی زیانێکی گەورەیە. ئێمە جارێکی دیکە پرسە و سەرخۆشیتان لێ دەکەین و ڕۆحی شاد بێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای پێوەندییە گشتییەکان