کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەخۆشیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی پیرانشار لە خەڵکی کوردستان

12:48 - 27 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوە مەدەنییەکانی پیرانشار بەبۆنەی لەدەستدانی کەسایەتییەکی لێهاتوو و دەروەست و هاوڕێ و پشتیوانی ڕێکخراوەکانیان، دوکتور "جەلال حاجی‌ زادە"، سەرەخۆشییان لە سەرجەم خەڵکی کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی بەڕێزیان کرد.

دەقی ئەو پەیامە بەم چەشنەیە:

خەڵکی سەربەرزی کوردستان!

جەماوەری شاری سەردەشت!

نووسەران و چالاکوانان!

ئامادەبووانی خۆشەویست!

ئەمڕۆ لە سەرانسەری وڵاتی ئازیزمان، نیشتماندۆستان، نووسەران، بیرمەندان و چالاکانی بەمشوور کۆبوونەتەوە تا پێکەوە شان بدەنە بەر باری قورسی لەدەستدانی یەکێک لە دەگمەنترین ڕووناکبیرانی سەردەم لە وڵاتەکەمان.

 هەواڵی کۆچی ناوادەی هاوڕێی ئازیزمان دوکتور جەلال، لەم دۆخە هەستیار و ناسکەی ئێستای وڵاتەکەماندا، تاسە و پەژارەیەکی قووڵی خستووەتە سەر هەست و نەستی هەمووی ئێمە و ڕای گشتیی کۆمەڵگای کوردستانەوە.

وەک دەزانین، دوکتور "جەلال" لە کۆتایی نەوەدەکانی زایینییەوە ڕەوتی خوێندنەوەی گرتەبەر، بەڵام بەهۆی ژیری و وردبینییەوە هەر زوو لە تێگەیشتن و شیکردنەوەی نەریتە فیکری و فەلسەفییەکان شارەزایی بێ وێنەی وەدەست هێنا و لە کردەوەدا وەکوو یەکێک لە بەتواناترین نووسەرانی وڵات دەرکەوت.

ناسینی دروستی "کاراکتەری ڕووناکبیر" و تێگەیشتنی قووڵ لە  "ڕەساڵەتی ڕووناکبیر"، کاک جەلالی کردبوو بە نموونەیەکی شاز لە پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان "تیۆری و کردەوە". لە ڕاستیدا کاک جەلال سەرەڕای گرینگیدانی زۆر بە بواری مەعریفی، توێژینەوەی زانستی و نووسین و داڕشتنی تیۆری، هیچکات ژیانی گۆشەگیری و تەریککەوتوویی هەڵنەبژارد و لە شەقامی سیاسی و مەدەنیی کوردستان دانەبڕا. هەر بۆیە بەڕێزیان لە سیما ناسراوەکانی جووڵانەوەی خوێندکاریی کوردی بوو و هاوکات جێ پەنجەی بەسەر زۆربەی چالاکاییە مەدەنی و سیاسییەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستانەوە دیارە.

لێرەدا پێویستە لەنگەرێک لەسەر ئەم باسە بگرین کە ئوسلوبی کریتیک و ڕەخنەگرانەی کاک جەلال وای کرد کە لە سەرەتاوە سەکۆکانی ڕووناکبیری "ئەویتری کورد" ژیرانە بناسێت و بەپێچەوانەی هەندێک لە ئاکادێمیسییەنە "کورد زمان!"ـه‌کان کە بە عەقڵی "ئەویتری سەرەدەستی کورد" گۆشکراون و سەنگ و سووکی بەرژەوەندییەکانیان لە زاڵبوونی گوتاری سەردەستکراوی فاشیستیدا دەبیننەوە، توانی وشیارانە جغزی دەزگا مەفهوومی و فکرییەکانی ئەویتری کورد تێکبشکێنێت و خۆی لەژێر کاریگەریی دیسکۆرسی چەوسێنەر و زاڵیان دەرباز بکا و شێلگیرانە بچێتە سەنگەری بەربەرەکانی لەگەڵ فاشیزمی هەوسارپچڕاو و پاوانخواز کە دەمێکە هەوڵ دەدا خۆی بەسەر جوگرافیای نەزەریی کوردستاندا بسەپێنێت.

وێڕای ناهاوسەنگیی حاشاهەڵنەگر و نەبوونی دەرەتانی بەرامبەر و یەکسانی ئاکادێمیک لەنێوان ڕووناکبیری کورد و ئەویتری سەردەستی کورد، دوکتور حاجی ‌زادە لەو قەڵەمە تیژانەبوو کە بە شێوەیەکی زانستی و مێتۆدۆلۆژیک، لەرزۆک بوونی چوارچێوەی نەزەریی ئاماڵ گوتارەکانی وەک وێژمانی ئێرانشاریی تەباتەبایی و هتد...ی دەرخست و پەردەی لەسەر ناوەرۆکە تاریک و نادێموکراتیکەکەی ئەو ڕەوتانە هەڵدایەوە.

لەبەر ڕووناکایی ئەو خوێندنەوەیە، پرسیار کردن سەبارەت بە چییەتی و ڕەهەندی ئانتۆلۆژیک و بوون ناسانەی "ناسنامەی کورد" و "دۆزە نەتەوەییەکەی"  و هەروەتر توێژینەوەی زانستی و خەسارناسانەی ئەو دیاردەیە لە توێی چەمکی پڕپێچ و چەند ڕەهەندیی "قەیرانی زەینی کوردی"، بەرەبەرە سنوور و پێکهاتەی ئەو دەزگا فکری و فەلسەفییەی دیاری دەکرد کە دوکتور حاجی ‌زادە وەک "پرۆژەی زانستیـ"ـی خۆی بۆ داڕشتنەوەی "ڕێژیمی حەقیقەتـ"ـی کوردی بۆ مڕۆڤی کورد پێناسەی دەکرد.

مخابن، مەرگ ڕێگەی نەدا دوکتور حاجی‌ زادە تێزەکەی بە تەواوی بنووسێتەوە و پرۆژەکەی ناتەواو مایەوە. لەم سۆنگەیەوە، ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقیی خوێنەران و هاوبیرانی دوکتور "حاجی زادە"یە کە  لەم وێستگەیەی خەبات و تێکۆشاندا، بە هۆی گرینگی و هەستیاربوونی پرۆژەی زانستیی کۆچکردوو، دەورێکی بەرچاویان هەبێ لە پەرەپێدانی زیاتری پرۆژەکە و هەرەوەتر کۆکردنەوە و ئارشیڤی وتار، نامیلکە و دیمانەکانی دوکتور حاجی زادە و هەوڵ بدەن بۆ بڵاوکردنەوە و لەچاپ \دانیان.

بێشک ڕاڤ‌کردنی "چی بوون و چۆنبوونـ"ـی کەسایەتی و ئەندێشەی دوکتور حاجی زادە، وەک یەکێک لە ناسراوترین و پڕکارترین بیرمەندانی نەتەوەیی لە کوردستان، پێویستیی بە گەلێک وتاری زانستی و سێمینار و کۆبونەوە هەیە و لێرەدا لە توانای پەیامەکەی ئێمەدا نییە وەک پێویست تیشکیان بخاتە سەر.

لە کۆتاییدا، وەکوو ڕێکخراوە مەدەنییەکانی خانێ (پیرانشار) بە پێویستی دەزانین بەبۆنەی لەدەستدانی کەسایەتییەکی لێهاتوو و دەروەست و هاوڕێ و پشتیوانێکی ڕاستەقینەی ڕێکخراوەکانمان، سەرەخۆشی لە خۆمان و سەرجەم خەڵکی کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی بەڕێزیان بکەین. هەرچەند دڵنیاین، مەرگ ناتوانێت چۆک بە دوکتور ڕامان دابدات و ئەو لە پەیام و ئەندێشەی نیشتمانی و پڕاوپڕ لە بەها بەرز و دێموكراتیکەکانی خۆیدا، هەتاهەتایە هەر دەمێنێت و بڵێسەیەکی هەرماوی مەشخەڵی ڕێگای ئازادیی گەلەکەیەتی.

یادی هەرمان و ڕێگای پڕ ڕێبوار بێت.

ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری پیرانشار، ٢٦ی بەفرانباری ٢٧١٩

پەیامی هاوخەمیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری پیرانشار بەبۆنەی کۆچی نابەوەختی دوکتور ڕامان

ـ ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار

ـ کافە کتێبی ئەندیشە

ـ بنکەی فەرهەنگی و ئەدەبیی ڕووناک

ـ باشگای شاخەوانیی هەڵگورد