کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەركەوتنی دوو لاوی كوردستانی ڕۆژهەڵات لە و‌ڵاتی نۆروێژ

16:04 - 19 رەزبەر 2715

كوردستان میدیا: ئەنوەر پوویا و کاوە عەبداڵی خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵات، لە هەڵبژاردنەكانی وڵاتی نۆروێژدا سەركەوتنیان بەدەست ‌هێنا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، دوو لاوی كوردی كوردستانی ڕۆژهەڵات، بە ناوەکانی ئەنوەر پوویا و کاوە عەبداڵی كە لە هەڵبژادنی پارێزگا و شارەوانییەكانی وڵاتی نۆروێژدا بەشدارییان كردبوو، توانییان دەنگی متمانە وەربگرن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی كوردستان میدیا لەم بارەوە ڕایگەیاند: ئەنوەر پوویا لەو هەڵبژاردنانەدا بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای ئۆستفۆڵد کە پێکهاتووە لە شارەکانی فریدریکستاد، ساپرسبۆرگ، هاڵدن، مۆس، ریگە و رۆدە ئاشیم، میسن و چەند شاری دیکە و هەروەها کاوە عەبداڵی بۆ ئەنجوومەنی شارەوانیی سیشمۆکۆشە کە پێکهاتووە لە شارەکانی لیلەسترۆم، سترۆمن، شەتەن و شارێکی دیکە، توانییان بەرپرسیارەتی باڵای ئەو وڵاتە لەو هەڵبژاردنانەدا بە دەست بێنن.

هەر لەو پێوەندییەدا ماكوان خۆش‌هەیكەل كە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی وڵاتی نۆروێژ بەشداریی كردبوو، بەرپرسیارەتی‌ شاری كریستییەن‌ساندی نۆروێژی وەئەستۆ گرت.