کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەڕای هەوڵی ئۆکراین بۆ ئاگربەست، ڕووسیە کاروانێکی زەبلاحی نیزامیی ڕەوانەی کیێف کردووە

10:30 - 10 رەشەمه 2721

هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین لە حاڵێکدا شەشەمین ڕۆژی تێدەپەرێنێت کە وێنە ماهوارەییەکان لە ڕۆژی دووشمە ٩ی ڕەشەمە، پێشڕەوی کاروانێکی نیزامیی ڕووسیە لە باکووری کیێف پیشان دەدات کە نزیکەی ٦٤ کیلۆمیتر درێژایی هەیە.

ڕەوانەکردنی ئەو کاروانە لە حاڵێکدایە کە شەوی ڕابردوو یەکەم دانیشتنی خولی وتووێژ لەنێوان ڕووسیە و ئۆکراین بەڕێوە چوو کە هیچ ئاکامێکی نەبوو.

بەپێی ڕاپۆرتەکان سەرەڕای وتووێژ بۆ ڕاگرتنی شەڕ، ڕۆژی دووشەممە ڕووسیە هێرشێکی چڕی کردووەتە سەر شاری خارکیف لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین کە زیانێکی گیانی و ماڵیی زۆری بەدواوە بووە.

''ڤیلادیمیر زێلێنسکی'' سەرکۆماری ئۆکراین، بۆمبارانی خارکیفی بە ''جینایەتی شەڕ'' ناو لێ بردووە.

لەو پێوەندییەدا دەیان وڵات لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک پشتیوانییان کردووە کە داوا لە ڕووسیە دەکات هێرشی خۆی بۆ سەر ئۆکراین ڕابگرێت.

هەتا ئێستا ئامریکا و وڵاتانی ئورووپایی وێڕای یارمەتیی نیزامی بە ئۆکراین، سیستمی ماڵی و بانکیی خۆیان لەگەڵ ڕووسیە پچڕاندووە و ئاسمانی خۆیان لەسەر فڕۆکەکانی ئەو وڵاتە داخستووە کە ئەمە زیانێکی زۆری ئابووریی بە ڕووسیە گەیاندووە، بەو حاڵە هەتا ئێستا ڕووسیە لە هێرشی خۆی بۆ سەر ئۆکراین بەردەوامە و هێرشەکانی خۆی چڕتر کردووەتەوە.