٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ساڵڕۆژی ڕووداوی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشانە کە ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە کارەساتبارەدا تێدەپەڕێت.
سەرەڕای چوار ساڵ تێپەڕین لەو ڕووداوە، هەندێک لە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی ئەو پارێزگایە هەتا ئێستاش لەنێو کانێکسدا دەژین و لە خزمەتگوزاریی سەرەتایی و تەندروستی بێبەشن. لەو پەیوەندییەدا لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەرکدارن ئەو خزمەتگوزارییانە بۆ خەڵک دابین بکەن، بەڵام ڕێژیمی ئێران هیچ گرینگییەک بەو خەڵکە نادات.
ئەوە لەحاڵێکدایە کە خەڵکی کوردستان و ئێران لەنێو دۆخی ئابووریی قورسدا دەژین و بەنیسبەت شارە تورک و فارسەکان شارەکانی کوردستان لە بواری خزمەتگوزاری، کار و پیشەوە زۆر بێبەش.
ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی بوومەلەرزەیەکی بەهێز پارێزگای "کرماشانـ"ـی هەژاند کە بەپێی ئامارەکانی خودی ڕێژیم زیاتر لە ٦٢٠ کەس کوژران، هەروەها ٩ هەزار و ٣٨٨ کەس بریندار بوون و نزیک بە ٧ هەزار کەس دەربەدەر و بێ ماڵوحاڵ بوون.