سەرەڕای زەبر و گوشارەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خەڵکی کوردستان سەبارەت بە پێشگرتن لە پێشوازی لە جێژنی نەورۆز، خەڵکی بۆکان و ناوچەکانی دەوروبەری لە کێوی ''میرقاز و تەرەغە'' بەرەوپیری جێژنی نەورۆزەوە چوون.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش ڕێگرتنی هێزەکانی ڕێژیم لە دوایین هەینیی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی لە دیداری تەرەغە، کۆمەڵێک لە وەرزشوانانی بۆکان بە کوێرەڕێگاکان خۆیان گەیاندە کێوی ''میرقاز'' و بە سروود، گورانی و شێعرخوێندنەوە و هەڵپەڕکێ بە جامانەوە خۆیان بۆ پێشوازی جێژنی بە شکۆی نەورۆزی کوردان ئامادە کرد.
هاوکات لاوانی خاکیپۆشی بۆکان لە داوێنی تەرەغە بە سەمای جامانە، پێشوازییان لە نەورۆز کرد و هەڵوێستی سیاسی و نەتەویی خۆیان بە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەربڕی.
هەروەها لاوانی نیشتمانپەرەوەر لە دیداری تەرەغەدا پۆستێرەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانیان بڵاو کردەوە.