کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەڕای کەسریی بودجە ڕێژیمی ئێران بودجەی ساڵی ١٤٠٠ی ڕادەستی مەجلیس کرد

11:32 - 13 سەرماوەز 2720

کابینەی "حەسەن ڕووحانی" کە دوایین مانگەکانی دەسەڵاتی خۆی تێپەڕ دەکات، بودجەی ساڵی داهاتووی ڕادەستی مەجلیس کرد و ئەو بودجەیە بڕیارە پەسند بکرێت.

لەو بودجەیەدا سەرەڕای ئەوەیکە ڕێژیم خۆی ڕایگەیاندووە ٢٠ میلیارد دۆلار کەمیی هەیە، بەڵام بەشی نیزامی و ناوەندە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم پشکیان لە بودجە زیاد کراوە.

بودجەی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران ٥٨ لەسەد زیادی کردووە و لە ٢٤ هەزار و ٣٣٥ میلیارد تمەن گەیشتووەتە ٣٨ هەزار و ٥٦٤ میلیارد تمەن.

بودجەی ئەرتشی ڕێژیم لە  ١٣ هەزار و ١٣٨ میلیارد تمەن گەیشتووەتە ٢٠ هەزار و ١١٥ میلیارد تمەن.

هەروەها بودجەی ڕێکخراوی بەسیجی ڕێژیم، ٥ لەسەد دابەزیوە و ٢ هەزار و ١٢١ میلیارد تمەن دیاری کراوە و بودجەی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی بەرگریی ڕێژیم ٧٥ لەسەد زیادی کردووە و ٤ هەزار و ٣٧٩ میلیارد تمەنی بۆ تەرخان کراوە.

"مسباحیی موقەدەم" سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی دەیەم باسی لەوە کردبوو کە بودجەی ساڵی ٩٩ زیاتر لە ٨٠ لەسەد کەمیی هەیە. لە حاڵێکدا ڕێژیمی ئێران کەسریی بودجەی خۆی لە ساڵی ٩٩ی هەتاوی ٣٦.٨ لەسەد ڕاگەیاندبوو، "عەباسی ئاخوندی" یەکێک لە وەزیرانی پێشووی ڕێژیم وتوویەتی، ٧٠ لەسەد کەسریی بودجەیان هەیە.