کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەڕای گرانبوونی زۆربەی شتومەک و خواردەمەنییەکان لە ئێران دان و تفاقی ئاژەڵانیش گرانتر بووە

11:43 - 25 بانەمەڕ 2722

لە حاڵێکدا کە دەوڵەتی "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، بە فەرمی نرخی چەند جۆر لە خۆراکەکان لەوانە "ڕۆن، ئارد، مریشک، هێلکە، پەنیر و شیر"ی بەرز کردووەتەوە، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە نرخی بەروبومی دیکەی وەرزێڕی چەند هێندە هەڵکشاون.

لەو پەیوەندییەدا "ئەحمەد موقەدەسی" سەرۆکی ژووری بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی پیشەیی گاوداری، ڕۆژی شەممە ٢٤ی بانەمەڕ وتوویەتی: "نرخی دان و تفاقی ئاژەڵان، ٥ تا ٦ هێندە زیادی کردووە".  

"موقەدەسی" لە درێژەدا وتوویەتی: "نرخی جۆ لە ١٨٠٠ تمەن گەیشتووەتە ١٢ هەزار تمەن کە نزیک ٦ بەرابەر هەڵکشاوە، گەنمەشامی لە ١٩٠٠ تمەن بۆ ١٢ هەزار تمەن هەڵکشاوە، هەروەها سۆیای ٣ هەزار و ٧٠٠ تمەنی گەیشتووەتە ١٧ هەزار تمەن".

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە لە دوای گرانبوونی نرخی دان و تفاقی ئاژەڵان، نرخی گۆشتی ئاژەڵی زیندوو لە ٨٠ هەزار تمەن بۆ ١٠٤ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە.

هەروەتر "محەمەدڕەزا مورتەزەوی" سەرۆکی ئەنجومەنی بەرهەمهێنانی ئارد، ١٢ی بانەمەڕ باسی لەوە کردبوو کە هاوردەکردنی دەغڵ و دان بۆ ئێران لە ساڵی ڕابردوودا ١٦.٥ ملیۆن تۆن بووە کە ئەمساڵ ئەو ڕێژەیە دەگاتە، ٢٠ ملیۆن تۆن.