کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەڕای گرانیی تەماتە لە ئێران، بە دەیان تۆن تەماتە بە سنووری پەرویزخاندا هەناردەی عێراق دەکرێت

11:39 - 31 خاکەلێوه 2722

ڕێکەوتی ٣١ی خاکەلێوە، "قاسم موتەلبی" بەڕێوەبەری گومرکی "پەرویزخان"، لە شاری "قەسری شیرین" وتوویەتی: "بەروبومی کشتوکاڵی وەکوو ڕابردوو بەو سنوورەدا و بەبێ هیچ ڕێگرییەک هەناردەی وڵاتی عێراق دەکرێت".

بەپێی ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوە لە سنووری "پەرویزخان"، بە دەیان تۆن تەماتە ڕەوانەی عێراق دەکرێن.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە بە گشتی لە ئێران نرخی کیلۆیەک تەماتە گەیشتووەتە ٤٠ هەزار تمەن و بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، یەک دانە تەماتە نرخی ٤ هەزار تمەنە.

 "موتەلبی" لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە سنووری "پەرویزخان" فەرمییە، هەروەها یەکێک لە چالاکترین سنوورەکانە و جگە لە سووتەمەنی، زۆربەی شتومەکەکان بەو سنوورەدا هەناردە دەکرێن.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی، تا دوانیوەڕۆی ڕۆژی ڕابردوو، نزیک بە ٢٠٠ کامیۆنی بارهەڵگری "تەڕەکاڵ" بە ئەو سنوورەدا چوونەتە کوردستانی باشوور.

"قەسری شیرین" لە ڕۆژاوای شاری "کرماشان" هەڵکەوتووە و پتر لە ٢٧ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە و ١٨٦ کیلۆمیتر سنووری لەگەڵ عێراق و کوردستانی باشوور هەیە کە لەو نێوانەدا ٢ سنووری فەرمیی "خەسرەوی" لەگەڵ عێراق و "پەرویزخان" لەگەڵ کوردستانی باشوور هەیە.

جگە لە سووتەمەنی، ٥٤ لەسەدی شتومەکەکانی ئێران بە سنووری "پەرویزخانـ"ـدا هەناردەی عێراق دەکرێن.