کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئامریکا جارێکی دیکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وڵاتەکەی لە بەرامبەر هەرچەشنە هەڕەشە و هێرشێکی ڕێژیمی ئێراندا بێدەنگ نابێت.
"پاتریک شاناهان"، وەزیری بەرگریی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی جۆزەردان، ڕوو لە ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: "سەرەڕای گوشارەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، هێشتا ڕەفتارەکانی ئەم ڕێژیمە، نەگۆڕاون."
هەروەها "جۆزێف دانفورد"، بەرپرسی ستادی ئەرتشی ئامریکا، جەختی لەوە کردەوە کە دەوڵەتی ئامریکا لە بەرامبەر هەر هێرش و هەڕەشەیەکی ڕێژیمی ئێراندا وڵامی توندی دەبێت و ڕایگەیاند: "ئامانجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بردنی هێزەکانی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کەنداو، گەیاندنی ئەو پەیامەیە: "ئێمە وڵامی کردەوە و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران دەدەینەوە."
بەرپرسی ستادی ئەرتشی ئامریکا لە درێژەدا وتبووی: "لە وڵامی هەر جۆرە هەڕەشەیەکی ڕێژیمی ئێران، کەمتەرخەمی نانوێنین و چاوپۆشی ناکەین، کاردانەوەکانمان لە ئاستی کردەوەکانی ڕێژیمی ئێراندا دەبێت."
لە ماوەکانی ڕابردوودا، ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئامریکا پەرەی سەندووە. دەوڵەتی ئامریکا ناوێکی فڕۆکەهەڵگر و ژمارەیەک لە فڕۆکە شەڕکەرەکانی "بی٥٢"ی هێناوەتە کەنداو، هەتا ئامادەی وڵامدانەوەی هەڕەشە و هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بن.
هەروەها "جان بۆڵتۆن"، ڕێژیمی ئێرانی بە ئەنجامدانی تەقاندنەوەی کەشتییەکانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە بەندەری فەجیرە تاوانبار کردووە.