بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە شارەدێی "نێ" سەر بە شاری "مەریوان"، ڕێوڕەسمێکیان بەبۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان بەڕێوە بردووە.
خەڵکی "نێ" لەو ڕێوەڕەسمەدا بەشدارییان نەکردووە و ڕێژیم پێشتر بەڵێنیی پێدابوون کە ئەگەر بەشداری بکەن یاریگایەکیان بۆ دروست دەکات.
هەروەها بەهۆی ئەوەیکە خەڵکی ئەو شارەدێیە لەو ڕێوەڕەسمەی ڕێژیمدا بەشدارییان نەکردووە، ڕێژیم لەنێو شاری "مەریوان" قوتابی و فەرمانبەری ئۆرگانەکانی بە مینیبووس بۆ "نێ" ڕاگواستووە و لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداریانی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە ڕێژیم پێشوەخت پەیوەندیی بە خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"وە گرتووە کە ڕۆژی پێنجشەممە ئامادەکاریی تەواو بۆ ڕێوڕەسمی ٢٢ی ڕێبەندان بگرن و نابێ بە هیچ شێوەیەکیش لەو ڕۆژەدا بەرق بپچڕێنن و شورا و دێهیاری ئەو گوندەش دەبێ بەشداری بکەن.