کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەڕای گوشارەکانی ڕێژیم پرسی خۆداپۆشینی شەرعی لە ئێراندا ڕووی لە کزییە

12:43 - 11 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەپێچەوانەی زۆرەملێکردن بۆ خۆداپۆشینی ژنان لە لایەن ڕێژیمی ئاخوندییەوە، ژنان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ خۆداپۆشینیان لاوازتر دەبێت.

جێگری ژنان لە شۆرای ئینقلابی فەرهەنگیی ڕێژیم لە لێدوانێکدا، ڕایگەیاند: "خۆداپۆشین لە ئێراندا بەخێراییەوە لە حاڵی کزیدایە".

نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیمیش هەر لەم دانیشتندا لە ئیدئۆلۆژیکبوونی خۆداپۆشین و گۆڕینی بۆ بابەتێکی سیاسی ڕەخنەی گرت.

بە وتەی فریشتەی ڕۆح‌ئەفزا، نوێنەری ژنان لە شۆرای ئینقلابی فەرهەنگیی ڕێژیم، کار و پیشە، خوێندن، بوارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر لاوزابوونی خۆداپۆشین کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە و ئەم خێراییە زیاتر دەکات.

پێشتریش لەم پێوەندییەدا، ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیم، بەپێی ڕاپرسییەکان ڕایگەیاندووە، کە ڕێژەی ئاستی باوەڕمەندیی بە خۆداپۆشینی شەرعی لە نێوان خوێندەواران، لاوەکان و ئەو کەسانەی کە دەستیان بە ڕاگەیاندن و بەرهەمە فەرهەنگییەکان دەکات و داهاتێکی سەرەوەیان هەیە، زۆر کەمە.

هەر بەپێی ئەم ئامارانە، نزیک بە ٣٥ لەسەدی خەڵک، خۆداپۆشین بە بەها دەزانن و ئەم پێوانە لە بەراورد لەگەڵ ساڵەکانی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران ٥٠ لەسەد دابەزیوە.

ڕێژیمی ئێران کە خۆی وەکوو ڕێژیمێکی ئیسلامی پێناسە دەکات، بە هۆی کار و کردەوە نامرۆڤانەکانی، لەسەر باوەڕی باوەڕمەندانی ئەم ئایینە لە ئێراندا و تەنانەت دەرەوەی ئێرانیش کاریگەریی نەرێنی داناوە.