کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەعدی ئەحمەدپیره: پشتیوانیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ دۆزی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دووپات کردەوە

17:01 - 14 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێڕان لە سویس لە سێمیناریک کە بۆ سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی دەفتەری سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری زوریخ، پێکهاتبوو بەشداری کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە سەر بانگهێشتی فەرمی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له سویس بە سەرپرستی کامڕان ڕەسووڵی بەرپرسی کۆمیتە لە وڵاتی سویس بەشداری لە سێمینارێک کە بۆ سەعدی ئەحمەد پیرە پێکهاتبوو کرد.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەویی \'\'ئەی ڕەقیب و خوڵکێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان سەعدی ئەحمەد پیرە باسێکی پێشکەش کرد و ناوبراو لە سەرەتای وتارەکەی ئەماژەی بە دۆخی ئێستای کوردستانی باشوور کرد و کێشە و قەیرانی سیاسی و ماڵی و هەروەها ڕێکەوتنی نێوان یەکیەتی و بزووتنەوەی گۆڕانی بۆ بەشداران شی کردوە.

ئەحمەد پیرە، ئەندامی دەفتەری سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات و شەڕ و ئاڵۆزیەکانی ئەم دوایانە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد.

ناوبڕاو وێڕای بەرزنرخاندنی هەڵویست و سیاستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، پشتیوانیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ دۆزی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دووپات کردەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی سێمینارەکەدا کامڕان ڕەسووڵی بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە سویس وێرای سپاس و پێزان، هەڵویستی نەتەویی سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی دەفتەری سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانی لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕز نرخاند و هاوکات ڕەخنەی لە هێندی لە میدیاکانی باشوور و یەک لەوان میدیاکانی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان گرت بە نیسبەت ڕوماڵ‌نەکردنی ڕوداوەکانی ئەم دوایانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات.

ڕەسووڵی هەروەها داوای لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە لە بواری میدیایدا کار دەکەن،ڕووماڵی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵات لە بیر نەکەن و بیری هەمووی لایەکی هینایەوە کە ئیمە لە بەردەم تاقیکارییەکەی نەتەویی داین و پشتیوانی لە جوڵانەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەرکی هەموو لایەیەکە، میژووی خەڵکی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەڵویستەکان لە بیر ناکات.