کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەعید باغی: دژایەتیکردن لەگەڵ پرسی ژینگە لە خودی ناوەندی ژینگەی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت کە من پێی دەڵێم گەندەڵیی سیستەماتیک و لە بەرزترین ئۆرگانەوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ سەرجەم ئیدارە پێوەندیدارەکان بە ژینگە لە هەموو شارەکان

17:50 - 30 خەرمانان 2720

وتووێژ: بێهزاد قادری

بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی هەنووکەیی ژینگەی کوردستان و باسکردن لەسەر ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە کاولکردنی ژینگەی کوردستان و چالاکیی خۆڕسکانەی خەڵکی کوردستان بۆ پارێزگاریکردن لە نیشتمانەکەیان، وتووێژێکمان لەگەڵ بەڕێز "سەعید باغی" ڕۆژنامەوانی بواری ژینگە پێک هێناوە کە پێشکەشتانی دەکەین:

- لە ئێستادا ژینگە و سروشتی کوردستان چ هەڕەشەگەلێکی سەرە؟

ژینگەی کوردستان لە ئێستادا هەڕەشەگەلێکی زۆری لەسەرە و ئەمەش چەندین لایەنی جۆراوجۆر دەگرێتەوە. لایەنێکی زۆر گرینگی هەڕەشەی سیستماتیک بۆ سەر ژینگەی کوردستان لایەنی حکوومەتی و ناوەندە پێوەندیدارە دەوڵەتییەکانە کە دواتر بەوردی دەپرژێینە سەری. لایەنێکی دیکەی ئەو ‌هەڕەشانە پێوەندیی بە فەرهەنگی خەڵک و هەروەها لایەنە سروشتییەکانەوە هەیە.

لە ئێستادا لە کوردستانیش وەکوو زۆربەی ناوچەکانی ئێران و بگرە جیهانیش، دیاردەی وشکەساڵی بووە بە هەڕەشەیەک لەسەر ژینگە و بگرە تەنانەت جۆرەکانی گیانلەبەران.

ئەگەر ئێمە ئێستا لە دۆخی ژینگەی کوردستان ورد ببینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە ژینگەی کوردستان، واتە ئاو، خاک و سروشت، هەڕەشەی جیددیی لەسەرە. سەرەڕای فەرهەنگسازیی ناوەند و ڕێکخراوە خەڵکییەکانی کوردستان وەکوو ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان و باقیی ناوەندە غەیرەحکوومییەکان، دەتوانم بڵێم کە فەرهەنگی خەڵکی کوردستان بەگشتی بەو ئاستە نەگەیشتووە کە گرینگییەکی تایبەت بە پرسی ژینگە بەو جۆرەی کە هەیە بیدات.

گەر لە ئاستی جیهاندا بۆ مەسەلەکە بڕوانین دەبینین کە ماوەی دوو ساڵ کە چالاکییەکی بێ ‌وێنە لە ئاستی هەموو ئورووپادا ڕێک خراوە کە خوێندکار و قوتابییەکان هەموو هەینییەک خۆپیشاندان دەکەن و نیگەرانیی خۆیان بەنیسبەت دۆخی نالەباری کەشوهەوا و ژینگە دەردەبڕن، بەڵام بەداخەوە لە کوردستان بەهۆی دۆخی نالەباری ئابووری و سیاسی و نەبوونی هیچ چەشنە مافێکی مرۆڤ و ئازادی، خەڵک ناپرژێنە سەر مەسەلەی ژینگە، بە جۆرێک کە تەنانەت لە لادێیەکانی کوردستاندا دەبینین کە لەڕووی نائاگییەوە زبڵەکان هەروا لەنێو ژینگە کۆ دەکرێنەوە و بە شێوەیەکی نازانستی دەسووتێندرێن، زبڵەکان جیا ناکرێنەوە لە یەکدی و تەنانەت لە شوێنگەلێکیش دەدرێنە دەم ئاوەوە.

ڕۆژانە دەبینین کە گەشتیاران زبڵەکانیان هەروا لەنێو ژینگە بەجێ‌ دەهێڵن و کۆیان ناکەنەوە. دەبینین کە کارخانە و ناوەندە پیشەییەکان بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ ستانداردێک خەریکی بەرهەمهێنانن.

بێکاریی خەڵکی کوردستان بووە بەهۆی ئەوەی کە خەڵک زۆرتر پەنا ببەنە بەر ژینگە و لە بەهاراندا سەرقاڵی کۆکردنەوەی گژوگیا بەهارییەکان دەبن و ئەمەش لە درێژماوەدا چونکە هیچ چاوەدێرییەکی لەسەر نییە هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر ژینگە.

گەر بمانەوێت بەوردی باس لە هەموو هەڕەشەکان بکەین، دەبێ چەندین بابەت و تەنانەت کتێبیش بنووسین. بەڵام ئەمن لێرە تەنیا ئاماژەم بە چەند هەڕەشەیەک کرد.

- ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و لایەن و ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم چ ڕۆڵێکیان لە پەرەسەندنی قەیرانە ژینگەییەکانی کوردستاندا هەیە؟

هەروەک لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا ئاماژەم پێدا، مەسەلەی ژینگە لە ئێستادا بووە بە بابەتێکی ڕۆژەڤ لە ناوەندەکانی دەسەڵات و حکوومەتەکان لە جیهاندا، بە جۆرێک کە مێرمنداڵێکی چالاکی ژینگە بانگهێشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت بۆ شیکردنەوەی هەڕەشە ژینگەییەکان، ئەمەش بۆمان بە جوانی دەردەخات کە ئەم مەسەلە ئێستا مەسەلەیەکی سیاسییە و هەموو حیزب و ڕێکخراو و دەوڵەتەکان دەیانەوێت بۆ بانگەشەیش بووبێت گرینگی بەو مەسەلەیە بدەن. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە دەوڵەتەکان و ناوەندە پێوەندیدارەکانیان چەندە ڕۆڵێکی گرینگیان لە پێشگرتن بە قەیرانە ژینگەییەکان دەتوانێت ببێت.

حکوومەتی ئێران کە حکوومەتی مەزهەبییە و خۆی بە بەرپرسی ئامادەکردنی دۆخی عیرفانی و ئایینیی کۆمەڵگای جیهانی ئیسلام بۆ هاتنەوەی مەهدی، ئیمامی دوازدەهەمی شیعەکان دەزانێت، بەدڵنیاییەوە بەو شێوەیە کە وەکوو ئەرک بۆ حکوومەتەکان تەعریف کراوە گرینگی بە ژینگە نادات و هیچ چەشنە سەرمایەگوزارییەک بۆ پیشگرتن بە قەیرانە ژینگەییاکان ناکات. هەوڵدان و پلاندانان بۆ پێشگرتن بە قەیرانە ژینگەییەکان و کەمکردنەوە هەڕەشەکانی سەر ژینگە پێویستی بە پلاندانان و سەرفکردنی بودجە و پارە دەبێت، بەڵام ئاخۆ حکوومەتێک کە هەموو درگاکانی ئابووریی جیهانی لێ بەستراوە و ئایدۆلۆژییەکی چەقبەستوو پێڕەو دەکات و هەموو داهاتەکانی بۆ پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکان سەرف دەکات، چەندە دۆخی ژینگەی بۆ گرینگ دەبێت کە تێچوی بۆ بکات؟ بە دڵنیاییەوە هیچ.

بەهەرحال دۆخی ژینگەی کوردستان ڕۆژ بە دوای ڕۆژ بەرەو نالەبارتربوون دەچێت و ناوەندە تایبەتەکانی حکوومەتی ئێران هیچ گرینگییەک بەو هەڕەشەگەلە نادەن و بگرە بۆ خۆشیان خولقێنەری هەڕەشەگەلی جۆراوجۆرن و بە ئاگرتێبەردان لە دارستانەکانی کوردستان، دروستکردنی بەنداو و گواستنەوەی ئاوی کوردستان بۆ ناوچەکانی ناوەندی ئێران، پشتیوانی نەکردن لە جووتیارانی کوردستان بۆ جێگیرکردنی سیستەمی ئەمڕۆیی ئاویاری و دەیان و سەدان کردەوەی نازانستیی دیکە، ڕۆڵی سەرەکی لە لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان دەگێڕن.

- کەمتەر خەمی و دژایەتیی رێژیمی ئێران، تەنیا لەسەر ژینگە و سرووشتی کوردستانە یان شوێنەکانیتری ئێرانیش دەگرێتەوە؟

لە ڕاستیدا دژایەتیکردن لەگەڵ پرسی ژینگە لە خودی ناوەندی ژینگەی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت کە من پێی دەڵێم گەندەڵیی سیستەماتیک و لە بەرزترین ئۆرگانەوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ سەرجەم ئیدارە پێوەندیدارەکان بە ژینگە لە هەموو شارەکان، بەڵام ئەوەی کە بمانهەوێت وەک ڕێژەیی باس لە سەرجەم قەیرانەکانی ژینگەی هەموو ئێران بکەین و بەراوردیان بکەین لەگەڵ کوردستان تۆزێک ئەستەمە، چۆن هیچ کات ئامارێکی دروست لەلایەن ناوەندی ژینگەی ئێرانەوە بڵاو ناکرێتەوە. سەرەڕای ئەوەش بە سەرنجدان بەو دژایەتییە سیستماتیکە کە لەلایەن ناوەندەوە بە دژی نەتەوە غەیرەفارسەکان دەکرێت دەتوانین بڵێین لە کوردستان و بەلووچستان و هەروەها ئەو ناوچانەی کە نەتەوەی عەرەبی لێ نیشتەجێیە بەرەوڕووی زۆرترین دژایەتی دەبێتەوە، تەنانەت بە تۆمەتگەلێکی جۆراوجۆر زۆربەی جار ئەو کەسە خۆبەخشانە یان  ڕێکخراوە خەڵکییەکان کە هەوڵ بۆ پاراستنی ژینگە دەدەن دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان دەکرێن.

- چالاکیی ژینگەپارێزان و ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی کوردستان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

هەروەک هەموومان ئاگادارین، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتاییەکانی ساڵی پیشووی هەتاوییەوە ئێرانی داگرت و ئەم ڤایرۆسە لە کوردستان لە مانگی ڕەشەمەدا بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر بڵاو بوویەوە. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان پێوەندییەکی بەرچاوی بە دۆخی نالەباری ئابووریی خەڵکی کوردستانەوە بوو. هەژاری و نەداری بوو بەهۆی ئەوەی کە خەڵک بەو جۆرەی کە پێویست بوو نەتوانن لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و خۆیان لە ڤایرۆسەکە بپارێزن.

ئەوەی کە لەم دۆخە نالەبارەدا سەرنجڕاکێش بوو، چالاکبوونی ناوەندە ناحکوومی و ژینگەپارێزییەکانی کوردستان بوو لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ناوەندە ژینگەپارێزییەکانی کوردستان ئەمساڵ بە سەرنجدان بەو دۆخەی کە باسمان کرد، چالاکییەکانی خۆیان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەگڕخست و بە شێوەیەکی زانستییانە و ئەمڕۆیی بەرەنگاری کۆرۆنا بوونەوە. چالاکییەکانی ئەو ناوەندانە بریتی بوون لە پاککردنەوەی کۆڵان و گەڕەکان و وشیارکردنەوەی خەڵک و کۆکردنەوەی یارمەتی و پێداویستییەکان بۆ بنەماڵە کەمداهاتەکان و بڵاوکردنەوەی ماسک و ماددە دژە ڤایرۆسەکان.

سەرەڕای ئەو دۆخە نالەبارەش، دیسان شایەتی چالاکیی ژینگەپارێزانەی ئەو ڕێکخراوانە بووین، بەتایبەتی لە مەسەلەی کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکان و پاک و خاوێنکردنەوە شوێنە گەشتیارییەکان و ژینگەی کوردستان.

- چالاکیی میدیایی و ڕۆژنامەوانیی ژینگەپارێزان و خەمخۆرانی ژینگە پەرەی سەندووە یان وەک ساڵانی پێشوو وایە؟

لە جیهانی ئەمڕۆدا شایەتی ئەوەین کە کۆمەڵگاکان ڕۆژبە دوای‌ ڕۆژ بەرەو دیجیتاڵیزەبوون دەڕۆن، ئەمەش گرینگیی میدیا بەگشتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی بۆمان دەردەخات.

ئێستا ئێمە بۆمان دەرکەوتووە کە خەڵکی کوردستانیش وەکوو باقیی گەلانی جیهان، بەتایبەتی جیلی نوێ لەژێر کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندان، ئەمەش دەبێ وەکوو دەرفەتێک بۆ کەڵکوەرگرتن لەو بوارە چاو لێ بکرێت.

بەدڵنیاییەوە چالاکیی میدیایی و پێدانی زانیاریی گشتی بە خەڵکی کوردستان لەلایەن ناوەندە ژینگەپارێزییەکانەوە لە چەند ساڵی ڕابردوو پەرەی سەندووە و ئەمش جێگای دەستخۆشی و پێزانینە.

- چ پێشنیارێکتان بۆ چالاکیی میدیایی و ڕۆژنامەوانیی ژینگەپارێزان هەیە تاکوو لە پەروەردەکردنی خەڵک و زانیاری گەیاندن بە کۆمەڵگا، کاریگەرتر بن؟

ئەمن وەکوو تاکێکی ئەو کۆمەڵگا کە چەندین ساڵە لە بواری میدیاییەوە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەواڵەکانی تایبەت بە ژینگە چالاکیم کردووە، گرینگیی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم لەم پرسەدا بۆ دەرکەوتووە و پێشنیاریشم بۆ نەتەنیا ناوەند و ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان بەڵکوو بۆ حیزبەکانی کوردستان و تاک بە تاکی خەڵکی کورد ئەوەیە کە لە هەلی تۆڕی کۆمەڵایەتییەکان بۆ پەرەپێدانی زانیاری و پرسی ژینگەیی کەڵک وەربگرن و هەوڵ بدەن کە هەرکەس بەپێی توانای خۆی، لە جێخستنی کولتووری ژینگەپارێزیدا ڕۆڵ ببینێت، چونکە ژینگە وەکوو ئەمانەتی جیلەکانی داهاتووە، ئێمە دەبێ هەموو هەوڵی خۆمان بۆ پاراستنی ئەم ژینگەیە وەکوو سەرچاوەی ژیان بخەینە گەڕ.