کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەعید خەتیب‌زادە وتوویەتی، شورای هاوکاریی کەنداو لە جێگە و پێگەیەکدا نییە بیروڕای دەرببڕێت

12:52 - 13 جۆزەردان 2722

وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە وڵامی بەیاننامەی وەزیرانی دەرەوەی شورای هاوکاریی کەنداو، سەبارەت بە داخوازیی بەشدارییان لە دانیشتنە ناوکییەکاندا بە بێڕێزییەوە وتوویەتی: "شورای هاوکاری لە جێگە و پێگەیەکدا نییە کە بیروڕای دەرببڕێت".

"خەتیب‌زادە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ئەو داخوازییەی شورای هاوکاریی کەنداوی لە ڕاستای هەوڵدان بۆ تێکدانی جووڵەی دیپلۆماتیکی ڕێژیمی ئێران گەڕاندووەتەوە.

ناوبراو لە ئیدەعایەکدا ئەو شورایەی بە گەورەترین ئەنباری چەکۆچۆڵی ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی لە جیهان ناو بردووە و بە بێڕێزییەوە جەختی کردووەتەوە کە شورای هاوکاریی کەنداو لە جێگە و پێگەیەکدا نییە کە لە پەیوەندی لەگەڵ بەرنامەی مووشەکی و بابەتی پەیوەندیدار بە سیاسەتەکانی ئێران بیروڕای دەرببڕێت.  

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی شورای هاوکاریی کەنداو، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی جۆزەردان لە بەیاننامەیەکدا داوایان کردووە کە لە بەرجام پێش بە کارە تێکدەرەکانی ئێران بگرن لەوانە: "پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم و ملیشیاکانی و بەرنامەی مووشەکی و هەڕەشە دەریاوانییەکانی ڕێژیمی ئێران".

هەروەها شورای هاوکاری داوای کردووە کە لە دانیشتنە ناوەکییەکانی پەیوەندیدار بە ڕێژیمی ئێران بەشداری بکەن.