کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفی دابینکردنی پێداویستییەکان لە ئێراندا درێژتر دەبنەوە

12:08 - 21 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: گرانی و کەمبوونەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی خەڵک بوونەتەهۆکاری درێژبوونەوەی سەفەکانی دابینکردنی کەرەستە و خۆراک و پێداویستییەکانی دیکەی ژیانی خەڵک.

بە پێی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خەڵکی مەهاباد ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر گرانبوون و کەمبوونەوەی پێداویستییەکانی ژیانییان دەربڕیوە و باسیان لەوە کردووە کە بۆ دابینکردنی هەر پێداویستییەک دەبێ لە سەفدا ڕاوەستن.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا  گەیشتووە، خەڵکی مەهاباد ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر گرانبوونی کوودی شیمیایی دەربڕیوە و وتوویانە جگە لە گرانبوون، ڕێژەی کیسە کوودەکانیش دابەزیوە و کەس بە هانای خەڵکەوە نایەت و دەبێ بۆ هەموو شتێک لە سەفدا ڕاوەستین.

هەر لەم پێوەندییەدا، ماوەیێک پێش ئێستا خەڵک ناڕەزایەتییان لەمەڕ گرانبوونی شیری وشک دەربڕی و وتبوویان بۆ دابینکردنی شیری وشک بۆ منداڵەکانیان دەبێ بڕۆنە دەرمانخانەکان کە بۆ فرۆشتنی شیری وشک داوای کارتی پێناسیان لێ دەکرێ.

بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکا و ناکارامەیی بەڕێوەبەری وڵات و کشانەوەی کۆمپانیاکان لە ئێران و هەروەها مایەپووچبوونی بەرهەمە نێوخۆیییەکانی ئێران، زۆرێک لە پێداویستییەکان، گران بوونە یان بە کەمی دەست دەکەون، کە ئەمە دۆخی ژیانی خەڵکی ناجێگیر کردووە.