کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفی گۆشتی بەستوو کێشەی ڕۆژانەی خەڵک

11:36 - 10 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: چیرۆکی کەمیی گۆشتی سوور و گۆشتی مریشک لە بازاڕەکانی ئێران و کوردستان هەنووکە بووەتە بەشێک لە ژیانی تاڵی رۆژانەی خەڵک کە بەهۆیەوە ناچارن چەندین کاتژمێر لە سەفدا ڕابوەستن و وەک خەڵکی ئاوارە و شەڕلێدراو ماتڵی وەرگرتنی گۆشتێکی هەرزانتر لە بازاڕ بن!

بەپێی دوایین هەواڵ و ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان هەنووکە خەڵک ناچارن بۆ دابینکردنی گۆشت کە یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، هاوشێوەی سەفە دوور و درێژەکانی بازاڕی میوە، لەو شوێنە حکومەتییانە بمێننەوە کە گۆشت بە نرخی دەوڵەتی و بڕێک هەرزانتر لە بازاڕ دەخرێتە بازاڕەوە.

خودی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمیش باس لەوە دەکەن کە خەڵک لە رووی ناچاری و بە شەرمەوە دەچنە بەردەم ئەو بنکانە بۆ کڕینی گۆشت بەڵام تا ئێستاش ڕێژیم ئامادە نەبووە ئاوڕێکی جیددی لەم دۆخە نەشیاوە بداتەوە و بەردەوام خەریکی وادە و بەڵێن دانی بێ نێوەڕۆک و بێبنەمایە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان لە هەندێک لەم بنکانەی فرۆشی گۆشت بڕیار دراوە کە گۆشتی بەستوو تەنیا بە نیشاندانی کارتی میللی دەدرێت بە هاووڵاتییان لەم ڕووەوە خەڵک ناچارن بۆ ئەوەیکە گۆشتێکی زیاتر وەربگرن، منداڵە بچووک و کەم‌تەمەنەکانیشیان لەگەڵ خۆیان دەبەن کە جاری وایە دەبێ ٨-٩ کاتژمێر لە بەر سەرما ڕاوەستن.