کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفەری خوێندکارانی ئوسترالیایی بۆ ئێران لە حاڵەتی هەڵپەساردندایە

12:18 - 29 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: زانکۆی "نیووساوت ویڵز"ی ئوسترالیا جەختی لەسەر ڕاگرتن و هەڵپەساردنی سەفەری کادری زانستی و خوێندکارانی ئەم وڵاتە بۆ ئێران کردووە.

ڕۆژی یەکشەمە، ٢٨ی ڕەزبەر، ڕۆژنامەیەکی ئوسترالیایی، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە زانکۆ گرینگەکانی ئەم وڵاتە، سەفەری هەموو کادری زانستی و خوێندکارانی ئەم وڵاتەیان بۆ وڵاتی ئێران لە حاڵەتی هەڵپەساردندا داناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارەی زانکۆی "نیووساوت ویڵز"ی ئوسترالیا بۆ نیگەرانیی وڵاتی ئوسترالیا لە دەستبەسەرکرانی کادری زانستی و خوێندکارەکانی لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەگەڕێتەوە.

هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە ٨ زانکۆی گرینگی ئوسترالیا، جەختیان لەسەر ڕاگرتن و هەڵپەساردنی ئەم سەفەرانە کردووەتەوە کە زانکۆکانی "وێستێرنی ئۆسترالیا"، "نیووساوت ویڵز"، "سیدنی" و "کووئینزلەند"، لە ڕیزی ئەو زانکۆیانەدان.

بە وتەی دەوڵەتی فیدراڵی ئوسترالیا، خاتوو "کایلی مۆر گیلبێرت"، مامۆستای زانکۆی "مێلبۆڕن" کە هاووڵاتیی ئوسترالیایی ـ بریتانیاییە، زیاتر لە یەک ساڵە لە زیندانی ئەویندا دەسبەسەر کراوە.